گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری ئەو ڕووداوەی دەوترێت ’’پیاوێک هاوسەرەکەی لە سەربان فڕێداوەتەخوارەوە’’

2021.08.12 - 16:34
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاری ئەو ڕووداوەی دەوترێت ’’پیاوێک هاوسەرەکەی لە سەربان فڕێداوەتەخوارەوە’’

ناس کورد- 

لە قەزای سۆران ژنێک لەکاتی دەمەقاڵێ و شەڕ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە سەربان دەکەوێتەخوارەوە و کەسوکارەکەشی هاوسەرەکەی تۆمەتبار دەکەن بەوەی خستوویەتییە خوارەوە، وتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکان خۆی خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەقیب شیروان خالید، وتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران (پێنجشەممە 12ی ئابی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ڕووداوەکە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕوویداوە و ژنێک بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە کە لە سەربان کەوتووەتەوە خوارەوە و تا ئەمڕۆ بێ هۆش بووە." 

 

ژنەکە تەمەنی لە دەوروبەری 25 ساڵاندایە و ماوەی چەند ساڵێکە هاوسەرگیری کردووە، لەدوای ڕووداوەکەش بەهۆی ئەوەی تائێستا بێ هۆش بووە، نەتوانراوە وتەی لێ وەربگیرێت سەبارەت بە ڕووداوەکە. 

 

بەوتەی شیروان خالید، کەسوکاری ژنەکە دەڵین، هاوسەرەکەی خستوویەتییەوە خوارەوە، کەسوکاری پیاوەکەش دەڵێن، خۆی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە. 

 

دەشڵێت، "ئەوانە تەنها تۆمەتبارکردنی یەکترە و تائێستا ماڵی ئافرەتەکەش سکاڵایان تۆمار نەکردووە و لەڕووی یاساییەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پیاوەکە دەرنەکراوە، چونکە سکاڵای لەسەر نییە." 

 

وتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران باسی لەوەشکرد، پێشتر 72 کاتژمێر بۆ ژنەکە دانرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆش خۆی هاتووەتەوە و تەندروستیی باشترە، بۆیە چاوەڕوانن بەمنزیکانە وتەی خۆی لەبارەی ڕووداوەکەوە وەربگرن. 

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە، "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانمان ژنەکە خۆی خۆی فڕێداوەتەوە خوارەوە، چونکە هیچ ئاسەوارێکی ڕاکێشان و خستنەخوارەوە دەرنەکەوتووە."