ناس کورد-
بڕیارى دەستگیرکردنى هەشت کەسى دیکە لەسەر فەرمانى بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى جێبەجێکرا، لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتى دەستگیرکردنانەى لەدواى سەرهەڵدانى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى دەستیپێکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی سۆشیال میدیاى سەر بە سەرپەرشتیارى مەڵبەندى یەکێتى لە سلێمانى، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 6 پاسەوانی براکانی لاھور شێخ جەنگی و 2 بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی دەستگیرکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانە بەتۆمەتی "تەقەکردن و جێبەجێکردنی فەرمانی ھەڵکوتانەسەر بازرگان و ھاوڵاتییان" دەستگیرکراون و لەلایەن ژمارەیەک خاوەنکار و بازرگانی شاری سلێمانییەوە سکاڵا لەدژیان تۆمارکراوە.
پێشتر چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی نیشتمانی بە "ناس كورد" یان ڕاگەیاند لێپێچینەوەكان لەهەندێك كەیسی سەردەمی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی چڕ بوونەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی تری گرتن لە هەندێكیاندا دەربچێت.
هەر بەگوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوانە بۆ "ناس كورد" (12ی ئابی 2021) جگە لە كردنەوەی هەندێك دۆسییەی گەورە كە پەیوەندی بەمامەڵەكردن بەداراییەوە هەیە و یەكێكیان بایی ملیۆنەها دۆلارە، هەندێك گۆڕانكارییش لە بەرپرسە حكومی و حیزبییەكان دیاری كراوە جێبەجێ بكرێن "لە چوارچێوەی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو"، لەم میانەیەشدا چەند لیژنەیەك دەستبەكارن و هەنگاو بەهەنگاو بڕیارە ئەو گۆڕانكارییانە بەردەوام بن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس" لە ئێستادا هیچ ئەگەرێك لەئارادا نییە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی هاوسەرۆكان بە "لێكگەیشتن" و ئەگەری زاڵ و بەردەست ڕێوشوێنی یەكلایەنەیە لەناو حزبدا لەلایەن بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
لەدوا دەركەوتنیدا ئێوارەی (11ی ئابی 2021) لاهور شێخ جەنگی بانگەشەكانی چاكسازی لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە بە "مەرامی تایبەت" و "چیرۆكی داتاشراو" ناوزەدكرد، بەدوای ئەوەشدا فرمانی گرتن بۆ لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵ، رێبوار جاف دەرچوو بەتۆمەتی ڕفاندن و لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك.
ناوبراو پێشتر یەكێك بووە لە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی و تادوێنێ ئێوارەش سەرقاڵی بانگەشەكردن بووە بۆ لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە چەمچەماڵ و تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانی زمانحاڵی یەكێتی ڕووماڵی چالاكییەكانی كردووە.
هەر لەمیانەی كێشەی هاوسەرۆكاندا جگە لە فەرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و ئەفسەرێكی ئاسایش، پێشتر فەرمانی گرتن بۆ د. میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەركرا بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و سپیكردنەوەی پارە، هەروەها سەرپەرشتیار بۆ لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی دانرا كە لەلایەن جەزای سەید مەجیدەوە بەرێوە دەبرێت و بەكەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی ناسراوە.
دۆخی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپاش 8 تەمموز
ئێوارەی 8 تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكەش لەمیدیای ئەم حیزبەوە ناونرا "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو" و گەیشتە دەركردنی فرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و هەندێك لە بەرپرسە نزیكەكانی.
میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی و لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی كوڕانی مام جەلال و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی بووە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی.