ناس کورد-
تا ئێستا فەرمانى دەستگیرکردنى رێبوار جاف بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى لەچەمچەماڵ نەگەیشتووەتە پۆلیسى سنورەکە، ئەوەش بەوتەى پۆلیس و سەرچاوەیەک لە ئیدارەى شارەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد عەبدى بەڕێوەبەرى پۆلیسى چەمچەماڵ ئەمڕۆ پێنج شەممە لەبارەى دەرکردنى بڕیارى دەستگیرکردنى رێبوار جافەوە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "شتى وا نییە و ئەوە پڕوپاگەندەیە، هیچ فەرمانێکى لەوشێوەیە نەگەیشتووەتە پۆلیس".
لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە ئیدارەى چەمچەماڵ بۆ "ناس کورد" جەختیکردەوە تا ئێستا هیچ فەرمانێکى لەو شێوەیە نەگەیشتووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانى چەمچەماڵ.
ناس کورد چەند جارێک پەیوەندى بەرێبوار جافەوە کرد بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانى نەدایەوە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە یەکێتى (11ی ئابی 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ رێبوار جاف بەرپرسى مەڵبەندى چەمچەماڵى یەکێتى دەرکراوە کە بەرپرسی یەکێکە لە فەرمانگەکانی سلێمانی.
وتیشى فەرمانى دەستگیرکردنەکە پەیوەندیدارە بە چەند دۆسیەیەکەوە لەناویاندا رفاندن.
لەدواى سەرهەڵدانى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتییەوە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ چەند بەرپرسێکى ئەو حزبە دەرکراوە، کە دیارترینیان میران محەمەد ئەندامى مەکتەبی سیاسییە.