گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارێکى جیاواز بۆ بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین راگەیەنرا

2021.08.10 - 20:36
App store icon Play store icon Play store icon
هۆکارێکى جیاواز بۆ بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین راگەیەنرا

ناس کورد-

 

ئەندامێکى لیژنەى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كانى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هۆکارێکى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین بەرهەمى ناوخۆیی ئەو سوتەمەنیەیە کە بە نرخى هاوردە دەفرۆشرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێرکۆ جەودەت ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، یەکێک لەهۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین ئەوەیە بەنزینی خۆماڵی واتە ئەوەی کەلەپاڵاوگەکانی هەرێم بەرهەم دێت بەنرخی بەنزینی هاوردە دەفرۆشرێت، بەنزینی هاوردەش لەئێستادا تێچووى زۆرە.

 

وتیشى "هۆکارێکی تر ئەوەیە نرخ کۆنترۆڵ نەکراوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاکانەوە".

 

شێرکۆ جەودەت باسى لەوەشکرد، دەمێکە لەسەرخەتن لەگەڵ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار  بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە و بەنیازن حکومەت بانگهێشت بکەن.

 

ئەمڕۆ نرخی یەک لیتر بەنزین لە سلێمانی 25 دینار بەرزبوویەوە و جۆری نۆرماڵی ئەو سوتەمەنییە گەیشتە 800 دینار و چاوەڕێی بەرزبوونەوەى زیاتری نرخەکەشی دەکرێت.  

 

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ماوەی سێ مانگە بڕێکی کەمتر بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و ئەوەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەى نرخەکەیەتی لە بازاڕدا، هەرچەندە چەند هۆکارێکی تری وەک نرخەکە لە بۆرسەی جیهانی و گۆڕانکاری نرخی دۆلار و دینار هۆکاری ترن.  

  

وتیشی، بەنزین هەموو سلێمانی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بۆیە بە فەرمی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە تاوەکو قسە لەگەڵ کونسوڵی ئێران لە سلێمانی و پارێزگاری سنە بکەن بەڵکو بڕێکی زیاتر بەنزین هەناردەی سلێمانی بکەن و کێشەکە چارەسەر بکرێت.  

  

جەختیشی کردەوە "تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە."  

 

بەرزبوونەوەى زیاترى نرخى بەنزین لەکاتێکدایە، مانگى رابردوو چەند بەرپرسێکى ئیدارەى خۆجێی لە پارێزگاى هەولێر جەختیانکردەوە، بەنزین لە نرخێکى نزمدا جێگیر دەکرێت، دواى ئەوەى حکومەت باج لەسەر هاوردەکردنى لادەبات.  

  

بەڵام بەهمەن محەمەد نوێنەرى بەنزینخانەکانى سلێمانى، (22ى تەمموزى 2021) بە "ناس کورد "ى ڕاگەیاند "کەس ناتوانێت تەحەکوم بەنرخى بەنزینەوە بکات، چونکە کاڵایەکى جیهانییە ئێمە لە بۆرسە دەیکڕین، ئەگەر حکومەت باج و ڕسومات لاببات کاریگەرى دەبێت بەس بەو شێوەیەش نا کە باسدەکرێت".  

  

ئاماژەى بەوەش کرد، پێشتریش حکومەت باج وڕسوماتیشى وەردەگرت ئەوان بەنزینیان دەفرۆشت بە (٤٥٠ -٥٠٠) دینار، بەڵام بەرزبوونەوەى نرخ لەئێستادا زیاتر پەیوەندى بە بەرزبوونەوەى نرخەکەوە هەیە لە بۆرسەدا.  

  

لە بارەى دابەزینى نرخى بەنزین لە شارى هەولێر، بەهمەن محەمەد وتى، لەکۆى 400 بەنزینخانە لە هەولێر 30 بەنزینخانە نرخیان دابەزاندووە ئەویش کۆمپانیاى (کار گروپ) بۆیان دابیندەکات.