ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی جەختدەکاتەوە کە پابەندی هەر بڕیارێك دەبێت كە حزبەكەی بیدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە مەرجێك پێچەوانەی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتی نەبێت و دەشڵێت، "هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوومان کراونەتەوە بێ بنەمان و دەبێت لە دادگا و بە ڕێکاری یاسایی یەکلابکرێنەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (9ی ئابی 2021) لەمیانی پێشوازیكردنی لە زەید عومەر ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی سورچی و جەوهەر محێدین ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی چەند پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەکەى، "گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی و بە ڕێگەچارەی حزبی و لەناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی."
لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، "ئەمەی ڕویداوە کارەساتێکە بەسەر یەکێتییدا هاتوە، دەبێت بە هەمومان کار بۆ پاراستنی یەکێتیی بکەین و نابێت یەکێتییەکان و میللەتەکەمان لەوە زیاتر نیگەران بکەین بە تایبەت کە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێین."
وتیشی، "پابەندی هەر بڕیارێک دەبم کە یەکێتیی بیدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە مەرجێک پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی نەبێت."
دوپاتیشی کردەوە کە "هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕومان کراونەتەوە بێبنەمان و دەبێت لە دادگا و بە ڕێکاری یاسایی یەکلابکرێنەوە."