گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ ئاڵاکەى دانا؟

مشتومڕى ئاڵاى کوردستان لە تاران؛ نازم دەباغ زانیارى نوێ ئاشکرادەکات

2021.08.09 - 10:59
App store icon Play store icon Play store icon
مشتومڕى ئاڵاى کوردستان لە تاران؛ نازم دەباغ زانیارى نوێ ئاشکرادەکات

ناس کورد-

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، دانانى ئاڵاى کوردستان لە تەنیشت ئاڵاى عێراق لەکاتى سەردانى نیچیرڤان بارزانى بۆ تاران داواى سەرۆکایەتى هەرێم بووە، بەڵام بەهۆى هەڵەیەکى پرۆتۆکۆڵییەوە ئاڵاکەى عێراق دانەنراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نازم دەباغ ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا لەبارەى ئەوەى کێ ئاڵاى کوردستانى داناوە وتى "من ئه‌گه‌ر بمزانیایه‌ ده‌موت به‌ڵام له‌گه‌ڵ من په‌یوه‌ندی کرا وه‌کو نوێنه‌ری حکومه‌ت ئایا من چیم ئاگا لێیه‌؟ وتم باشترین ده‌لیل و به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆتان سه‌یری دووربینه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ (کامێراکانی چاودێری) بکه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌زانن کێ هاتووه‌ و کێ چووه‌ و کێ ئه‌و ئاڵایه‌شی داوه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و سه‌ربازه‌، به‌ڵێ لایه‌نی ئێرانی پرسیاریان لێکردم".

 

وتیشى "زۆرجار هه‌بووه‌ وڵاتان ئاڵای کوردستانیشیان هه‌ڵداوه‌ به‌ڵام ڕاستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵ کورد، ئێران له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ڕاستگۆیه‌کی تێدا هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد وه‌کو پشتیوانی له‌ مافه‌ ڕه‌واکانی به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق."

 

نازم دەباغ باسى لەوەشکردووە، ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد هه‌ڵه‌یه‌کی پڕۆتۆکۆلی کردبوو به‌لانی که‌مه‌وه‌ که‌ ئاڵای کوردستانی هه‌ڵده‌کرد ده‌بووایه‌ ئاڵای عێراقیشی له‌ته‌نیشت بووایه‌.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، له‌پرۆتۆکۆلی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و داوایه‌ کرابوو که‌ هه‌رێمی کوردستانیش خاوه‌ن ئاڵایه‌ له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا و له‌گه‌ڵ ئاڵای عێراقدا دابنرێت.

 

"مشتومڕێک هه‌بوو به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو کاتێک که‌ جه‌نابی کاک نێچیرڤان گه‌یشت ئێمه‌ چووین بۆ پێشوازی بینیمان ته‌نها ئاڵاکه‌ی کوردستان هه‌ڵدراوه‌ ده‌ستبه‌جێ دوای چه‌ند سه‌عاتێک نیگه‌رانی لێ دروست بوو به‌ڵام وه‌کو وتم سه‌ردانه‌که‌ گرنگ بوو نه‌ک شێوه‌ شه‌کلیه‌که‌".

 

لەبارەى ئەوەى ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران لێکۆڵینەوە دەکات لەوەی کێ ئەو ئاڵایەى لە مەراسیمی پێشوازی کردن لە سەرۆکی هەرێم دانا؟ نازم دەباغ وتى "من نازانم ئه‌وه‌ کاری خۆیانه‌ بیکات یان نه‌یکات."

 

ڕۆژی 5ی ئابی 2021، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری شاندێکی هەرێم کە ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانی کوردستانیشی تێدا بوو گەیشتە تارانی پایتەخت بە مەبەستی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنى ئیبراهیم ڕەیسی وەک سه‌ركۆمارى ئێران و لەکاتی گەیشتنی شاندەکەدا بۆ فڕۆکەخانە، تەنها ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئێران بەرزکرانەوە بەبێ ئاڵای عێراق.  

  

هەرزوو وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، لەکاتى پێشوازى لە سەرۆکى هەرێم لە فڕۆکەخانەى میهرئاباد لە تاران، هەڵەیەکى پرۆتۆکڵى روویداوە و لەجیاتى ئاڵاى عێراق ئاڵاى کوردستان هەڵکراوە.  

  

وەزارەتەکە هەینى (6ی ئابی 2021) لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، لەکاتى پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لە شوێنى ئاڵاى عێراق ئاڵاى هەرێم دانراوە، ئەوەش هەڵەى پرۆتۆکۆڵى بووە.  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەکۆبوونەوەى سەرۆکى ئێران و سەرۆکى هەرێم ئاڵاى عێراق دانراوە، ئەوەش کارە دروستەکە بووە.  

  

وەزارەتى دەرەوەى ئیران جەختیکردووەتەوە لەسەر رێزگرتن لەسەروەرى و یەکێتى خاکى عێراق.