ناس کورد-
لە هەوڵێکدا بۆ هاندانى لایەنەکان لەسەر پابەندبونیان بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، حکومەتى عێراق بڕیاریداوە لیژنەیەکى دانوستان پێکبهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو لیستانەى کشاونەتەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى "مەدا" ى عێراقى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى راپۆرتێکى رۆژنامەکە (نۆى ئابى ٢٠٢١)، پێکهێنانى ئەو لیژنەیە دوو رۆژ لەمەوبەر لەکۆبوونەوەى نێوان مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى کوتلە سیاسییەکان و سەرۆکى پەرلەمان بڕیارى لێدراوە و حکومەت بەڵێنى شەفافى و بێگەردى دەنگدان و دابینکردنى کەشێکى ئارام بۆ هەڵبژاردن دەدات.
حسێن هنداوى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن دەڵێت، کازمى لەو کۆبوونەوەیەدا پێکهێنانى ئەو لیژنەیەى راگەیاند بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنانەى کشاونەتەوە لە هەڵبژاردن.
لەتەمموزى رابردوودا چەند لایەنێک بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنى پێشوەختە راگەیاند، لەسەرووى هەمویانەوە رەوتى سەدر بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر، لەگەڵ حزبى شیوعى، بەرەى مینبەرى عێراقى و بەرەى حیوار.
بڕیارە 10 تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر) ی ئەمساڵ (2021) هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەبەشداری 24 هاوپەیمانێتی و دەوروبەری 250 حیزب بەڕێوەبچێت.
لەدوای 2003 ئەمە یەكەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و یەكەمجاریشە سەرۆك وەزیران بەشداری كێبەركێكە نەكات و وەزیرەكان سەرپشك بكات لەنێوان بەشداری و مانەوە لە پۆستەكانیان بەمەبەستی مسۆگەركردنی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بەجۆرێك حكومەت لایەك نەبێت لە كێبەركێ و هەڵمەتەكانی كۆكردنەوەی دەنگ.