گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تیمی تیرۆر هاوڕێی نزیکى دەرچوو

وردەکاریی کوشتنی موسا باباخانی.. لە زەماوەندەوە بۆ هوتێلی کوشتن

2021.08.08 - 20:51
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی کوشتنی موسا باباخانی.. لە زەماوەندەوە بۆ هوتێلی کوشتن

ناس کورد-

لە گەرمەی خۆشی و شادی هاوسەرگیری کچ و کوڕێکی هاوڕێ و هاوسەنگەر، موسا تەلەفۆنێکی لە هاوڕێیەکییەوە بۆ هات کە پێشتر یەکێک بووە لە "ڕێکخستنەکانی ناوشار لەودیو" و چەند مانگێکە هاتووەتە هەرێم، پێکەوە لەگەڵ کەسێکی تر چوونە هەولێر و ئیتر ئەوە دواین بینین بوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

دوێنێ شەممە، 7ی ئابی  2021، تەرمی موسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە هوتێلێکی شاری هەولێر بە کوژراوی دۆزرایەوە.

 

حزبی دیموکراتی کوردستانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا جەخت دەکاتەوە کە موسا باباخانی "لەلایەن ئێرانەوە ڕفێندراوە و تەرمەکەى لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیار بووە" لە ژوورێکی ھۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری ھەولێر دۆزراوەتەوە.

 

لە زەماوەندەوە بۆ هوتێلی کوشتن

بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و جیاجیا کە "ناس کورد" بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەى لەگەڵ کردوون، کاتژمێر 9:00ی شەو موسا لە کەمپی گردەچاڵ بووە لە هەولێر کە بنکەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانە بۆ بەشداری لە زەماوەندی هاوسەرگیریی دوو هاوڕێی خۆی، بەڵام کەسێک بە ناوی "س. ع" کە خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە پەیوەندی پێوە کردووە و لەگەڵ کەسێکی تر بە ناوی "ئ. ک" کە خەڵکی شارێکی هەرێمی کوردستانە بە ئۆتۆمبێل چوون بە شوێنیدا بۆ گردەچاڵ، هەرسێکیان پێکەوە چوون بۆ هەولێر.

 

کەمال کەریمی، ئەندامی دەفتەی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە "ناس کورد"ی وت، پێشتر دەزگا ئەمنییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان و هەروەها هەرێمی کوردستان هۆشدارییان داوەتە موسا باباخانی کە ئێران پلانی تیرۆرکردنی داناوە و هەموو جموجوڵەکانی سنوردار کراوە، بەڵام ئەمجارە بەبێ ئاگاداری حزب موسا لەگەڵ دوو هاوڕێکەی دەچێتە هەولێر.

 

بەپێی زانیارییەکان، "س. ع" خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام پێناس و بەڵگەنامەی عێراقی هەبووە چونکە ماڵی باوکی لە بەغدا بووە، زستانی ڕابردوو هاتووەتە هەرێم، ماوەیەکی زۆر پەیوەندی دۆستانە و حزبییانەی لەگەڵ موسا هەبووە و پەیوەندی بە حزبەوە کردووە، دوای ماوەیەک چووەتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێبووە، چەند سەرچاوەیەک لەناو حدک جەخت دەکەنەوە کە "س. ع" هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەو کارە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بە حزبەکەوە کردووە.

 

ئەو شەوە موسا لەگەڵ "س. ع" و "ئ. ک" بە ئۆتۆمبێلی خۆیان چوون بۆ هەولێر و لە هوتێل "گوڵی سلێمانی" بوون، بە قسەى کەمال کەریمی، تاوەکو کاتژمێر 12:07 خولەکیش پەیوەندییان بە موساوە هەبووە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەڵام دواتر هەموو پەیوەندییەک بچڕاوە لەگەڵی.

 

بەپێی گێڕانەوە و زانیاریی بەرپرسانی حدک بۆ ناس کورد، جەستەی موسا شوێنی ئەشکەنجەیەکی زۆری پێوە دیار بووە، ئەوان دەڵێن سەرەتا بێهۆش کراوە، دواتر بە دەمانجەیەکی بێدەنگ فیشەکێک بە سەرییەوە نراوە و کوژراوە.

 

بۆ ڕۆژی هەینی، دیارنەمانی موسا زۆر جێگەی بایەخ نەبووە بۆ بەرپرسانی حدک چونکە پێیان وابووە لە پشوو و ئیسراحەتی خۆیەتی، بەڵام ڕۆژی شەممە دەزانن شتێکی نامۆ ڕوویداوە، بۆیە بەپەلە دەکەونە سۆراخی.

 

چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، تەنها ئەو دوو کەسە لە هۆتێلەکە بەشداری پیلانەکەیان کردووە، بەڵام هەندێکیش دەڵێن دوو کەسی تر لە هۆتێلەکە بوون و هاوکار بوون.

 

ئێستا چی؟

هەر بەپێی زانیارییەکان، دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر چوار کەسیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە ڕووداوەکە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەکە وتی، کەسی سەرەکی تیرۆرەکە کە "س.ع"ـە بزر بووە و باوەری زاڵ ئەوەیە کە هەر ئەو شەوە هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەیەکی یاساییەوە هەرێمی بەجێهێشتووە.

 

بەڵام بۆچی موسا؟

کەمال کەریمی، ئەندامی دەفتەی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان وتی، موسا کادیرێکی زۆر چالاک و زیرەکی حزب بوو، چالاکی و جموجۆڵی زۆری هەبوو بە تایبەت لە کرماشان کە خۆی خەڵکی ئەوێ بووە، هەروەها پەیوەندییەکی باشی هەبووە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی خوارووی ئێران بە تایبەت ئیلام و ئەو بەرپرسی زۆربەى چالاکییەکانی حزب بووە لەو ناوچەیە.

me_ga.php?id=4369

وتیشی، دەکرێت ئەوە هۆکاری سەرەکی بوو بێ کە ئێران حەساسییەتی بۆ دروستبوو بێت و هەوڵی تیرۆرکردنی دابێت.

 

تیمی مەرگ و تیرۆر

لەکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، سەرجەم بەرپرسانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی جەختیان لەوە دەکردەوە کە تیرۆرکردنی موسا یەکێکە لە زنجیرە پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تیرۆرکردنی چالاکان و بەرپرسانی ئەو حزبانە.

 

ئەوان دەڵێن ئێران شانە نوستووەکانی لە هەرێمی کوردستان زیندوو کردووەتەوە و چەند تیمێکی تری ناردووە کە چەندین خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و بەنیازن چەند کەسێکی تری ناسراو تیرۆر بکەن، "ئیتر بە ڕفاندن و گەڕاندنەوە بێت بۆ ئێران، یاخود بە تیرۆرکردنی و کوشتن."

 

بەرپرسانی ئەمنیی حزبەکانی ڕۆژهەڵات جەختی دەکەنەوە کە زانیاریی و هۆشدارییان داوەتە ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هەیە و جموجوڵەکانیان سنوردارکراون، هەندێکی تریان بەهۆی زۆری مەترسییەکانەوە، لە هەرێمی کوردستان دەرباز کراون.

 

ئەوەى زیاتر ترسی لای چالاکان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی دروستکردووە، بوونی دوو کونسوڵگەریی ئێرانییەکانە لە هەولێر و سلێمانی کە بە قسەى ئەوان، زۆرجار پیلانەکان لەوێوە بەڕێوەدەبرێن و هاوکاری تەواو دەکرێن، چونکە "کونسوڵخانەکان زۆر لایان داوە لە یاسا دیبلۆماتی و نێودەوڵەتییەکان."

 

ئاسایش چی دەڵێت؟

کەمال کەریمی ڕەتی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لە هەولێر دەست و ڕۆڵیان هەبێت لە ڕووداوی تیرۆرکردنی موسادا و وتی، ئەوان بەجدی لێکۆڵینەوە دەکەن لە ڕووداوەکە.

 

هەرزوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی باباخانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، لەلایەن کارگێڕیی ھۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری ھەولێر ئاگادارکراوەنەتەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە ناو ئەو ھوتێلە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لێکۆلینەوە لە "تاوانەکە دەستی پێکردوە و دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوە ئەنجامەکەی ڕادەگەیێنرێت.

ئاماری شەڕ و پێکدادانى حزبە کوردییەکان و ئێران لەساڵێکدا

حەشد و گروپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران "دەستی باڵایان" هەیە

لە ئێستادا حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕان لەسەر ئەوەى "دوژمنێکی تریان" بۆ زیاد بووە کە پلان و ئەجێندای "دوژمنە قەدیمییەکەیان" جێبەجێ دەکات یان هاوکاری تەواو دەبن بۆ بەڕێوەبردنی پیلانەکان، ئەویش حەشدی شەعبی و گروپە میلیشیا شیعەکانە لە عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن بە تایبەتی حزبوڵای عێراق و گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق، چونکە هەم لە عێراق باڵادەستن و هەمیش بە ئاسانی دەستیان بە هەرێمی کوردستان دەگات، زیندووترین نمونەکانیش هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو هێزانە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەولێر.

 

بەرپرسێکی ئاگادار و چالاکی یەکێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات بە "ناس کوردی" وت، "بۆ ئێمە بەغدا و تاران هیچ جیاوازی نییە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانین سەردانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بکەین کە هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی تێدا باڵادەستە، تەنانەت ئەگەریش زۆر پێویست بێت ناتوانین لە فڕۆکەخانەی بەغداوە هاتوچۆ بکەین."

 

وتیشی، "ناو و پرۆفایل و وێنەی زۆرێک لە بەرپرسان و چالاکانی ڕۆژهەڵات دراون بە بازگەکانی حەشدی شەعبی و فەرمانی دەستگیرکردنمان لای ئەوان هەیە، چونکە ئەوان بەشێکی سەرەکین لە پیلانەکانی فڕاندن و گەڕاندنەوەى بەرهەڵستکاران بۆ ئێران، ڕوحوڵا زەمەیش زیندووترین نمونەیە."

 

ئەوەتا هەردوای بڵاوبوونەوەى زانیارییەکان، گروپی "صابرین نیوز" کە گروپێکی تێلیگرامی نیمچە فەرمی سەر بە حزبوڵا و عەسائیبە هەواڵی کوژرانی موسا باباخانی بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "گروپێکی نەناسراو بەرپرسێکی تیرۆرستی حزبی دیموکراتی کوردستانی (موسا باباخانی) کە لەژێر پارێزگاری موساددا بووە لە هوتێلێک لە شاری هەولێر تیرۆر کرد."

ئەو گروپە وێنەیەکی موسای بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نوسیوە "تم الدعس (پان کرایەوە)".

me_ga.php?id=4368