گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی هێز بەرەو دەروازە سنورییەکان دەجوڵێنێت

2021.08.08 - 11:13
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانی هێز بەرەو دەروازە سنورییەکان دەجوڵێنێت

ناس کورد-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاری دا بە جێگیرکردنی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی تری گومرگی "بە مەبەستی ڕێگریکردنی لە قاچاخچییەتی."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی قسەى سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ "ناس کورد"، بڕیارەکە لە سبەینێ دووشەممەوە، 9ی ئابی 2021، جێبەجێ دەکرێت و مەبەستی لێی "دانانی ئەو هێزانە بەمەبەستی ڕوبەڕوبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشکێنان و ئەوانەیە كە لە دەرەوەی ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەت کاردەکەن".

 

وتیشی، "ئەم ھەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ چاکسازی و سەروەریی یاسا و پارێزگاریکردن لە مافی گشتی".

 

لە ماوەی ڕابردوودا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە حکومەتی هەرێمەوە پێکهێنرا بە مەبەستی نەهێشتن و کەمکردنەوەى دیاردەی قاچاخچیەتی لە خاڵە سنورییەکان و هێزێکی هاوبەشیش لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بۆ ئەو مەبەستە دروست کرا.

 

هاوکات عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی كوردستان و عێراقی ئەو حزبە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (25ی تەموزی 2021) لەبارەى بنبڕکردنی قاچاخچییەتی لە دەروازە سنورییەکان وتی، حکومەتی لیژنەیەکی پێکهێناوە و قوباد تاڵەبانیش سەرپشککراوە و هێزێکیشی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.

 

وتیشی، بابەتی قاچاخچییەتی پەیوەندی بە یەکێتی و پارتییەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە، نوێنەری حکومەت کاک قوباد تاڵەبانی سەرپشک کراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەموو دەروازە سنورییەکان، حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە و هێزێکی وەزارەتی ناوخۆش بۆ ئەو بابەتە ماوەیەکە دەستبەکاربووە."