ناس کورد-
سەرچاوەیەکى ئاگادار رایگەیاند، لەسەر راسپاردەى بافڵ تاڵەبانی كێشەی موچەی نەخۆشخانەی قەڵاتى تایبەت بە کۆرۆنا لە ئیدارەى گەرمیان چارەسەر كرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە ئەمڕۆ هەینى بۆ "ناس کورد" ئاماژەى بەوەکرد، چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە دواى ئەوەهات کە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، نوسراوێكی ئاڕاستەی یەكێتی كرد و داوای دابینكردنی مووچەی كارمەندان و خۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵات-ی كرد.
وتیشى لەبەرامبەردا، ئیدارەی دارایی یەكێتی لەسەر راسپاردەی بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری تەرخانكردنی مووچەكەیانیدا کە بۆ ھەر مانگێك ٥٧ ملیۆن دینارە.
کۆتایی مانگى رابردوو سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، وەزیرى تەندروستى تۆمەتبارکرد بەوەى "بێ حسابکردن" بۆ ئیدارەکە وەڵامى داواى موچەى کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵاى داوەتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەگەرى داخستنى نەخۆشخانەکە لە ئارادایە.
جەلال نورى لەراگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، "لە شاری هەولێر لە پەراوێزی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەی کۆرۆنا، ویستمان بارودۆخی خراپی نەخۆشخانەی قەڵا بگەیەنین بە وەزیری تەندروستی و پێمان راگەیاند کە ئەو ژمارە کارمەندەی نەخۆشخانەی قەڵا گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان هەیە بەڵام موچەکانیان لەلایەن هاوسەرۆکانەوە دابین کراوە و ئێستا راگیراوە".
وتیشى "بەڵام وەزیری تەندروستی زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە بابەتەکەی روانی و دور لە ئەتەکێت و بێ حسابکردن بۆ ئیدارەی گەرمیان و نەخۆشخانەی قەڵا کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیەتی وەڵامی دایەوە و پێی ووتین، ئەوە پێشتر بە کاری حزبی کراوە و ئامادە نەبوو زیاتر گوێ بگرێت و لە کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا تێبگات.