ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى لەگەڵ زیاتر لە 500 كەسایەتی و سەرۆک هۆز و نوێنەری پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچە جیاجیاکانى سنوری دەسەڵاتی یەكێتی کۆبوونەوە و چەند پەیامێکیان پێگەیاندن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
چەند سەرچاوەیەکى بەشدار لەکۆبوونەوەکە بە "ناس کورد" یان راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ (5ی ئابی 2021) كە زیاتر لە 500 كەس بەشداربوون لە بانگهێشتكراوان، چەند ڕوونكردنەوە و پەیامێك پێشكەش كراون.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى بۆ بەشداربوونیان رونکردووەتەوە کە هەڵمەتەکانى ئەم دواییە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەى "کارى نایاسایی و سەرپێچی" بووە، هەروەها باسى هەوڵى "ژەهر خواردکردنى" بافڵ تاڵەبانیش کراوە كە ماوەیەكە بەگەرمی لەمیدیاكان و دزەپێكردنەكاندا هەیە و جەختیان لەوەكردووەتەوە "بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە".
بەوتەى سەرچاوەکان، لەکۆبوونەوەدا بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى پێداگرییان كردووە لەسەر رێکخستنەوەى ریزەکانى یەکێتى لەسەر بنەمای نوێ، هەروەها سووربوونى خۆیان لەسەر "چاکسازیی" دوپاتکردووەتەوە و بەشداربووانیان دڵنیا كردووەتەوە كە كەس تەسفیە ناكرێت و بەئامانج ناگیرێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بەرپرسانى باڵاى یەکێتى ئەوەیان بۆ بەشداربوون رونکردووەتەوە کە چۆن بەشێک لە دەزگاکان بەکارهێنراون بۆ "کارى نایاسایی، سیخوڕى، چەوساندنەوى کادیران".
هەروەها بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی باسیان لەوەكردووە، سیخوڕ بەسەر ماڵی سەرۆك تاڵەبانییەوە دانراوە، كەسەكەش دیاری كراوە و بەڵگەی پێویست لەمبارەیەوە لەبەردەستدا هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەنگی ئەمەریكا، بەمدواییانە سەرجەم ئەوانەی سەردانی بافڵ تاڵەبانیان كردووە بۆ نێوانگری باسی چیرۆكی هەوڵی ژەهرخواركردنی بافڵ تاڵەبانییان بۆ باسكراوە، بەم هۆیەشەوە هیواكانی چارەسەر و نێوانگری لاوازبوون.
بارودۆخی یەكێتیی لەپاش 8 تەمموز
ئێوارەی 8 تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكەش لەمیدیای ئەم حیزبەوە ناونرا "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو" و گەیشتە دەركردنی فرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و هەندێك لە بەرپرسە نزیكەكانی.
میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی بووە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی.