گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق‌و ئێران دەكرێ

وەزیری دەرەوەی ئێران: رێگە بەهیچ وڵاتێك نادەین خۆی لە پەیوەندییەكانی ئێران‌و عێراق هەڵقورتێنێت

2019.03.11 - 09:20
وەزیری دەرەوەی ئێران: رێگە بەهیچ وڵاتێك نادەین خۆی لە پەیوەندییەكانی ئێران‌و عێراق هەڵقورتێنێت

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

لە بەغداوە و لەدووری چەند کیلۆمەترێک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند رێگە بەهیچ وڵاتێك نادەن خۆی لە كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان ئێران‌و عێراق "هەڵقورتێنێت."

دوێنێ‌ (یەكشەممە) محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە عێراق‌و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبوەوە.

 

سەردانەكەی زەریف لەكاتێكدایە كە وا بڕیارە ئەمڕۆ (دووشەممە) حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بەسەردانێكی فەرمی بگاتە عێراق‌و لەگەڵ سەرۆك كۆمار‌و بەرپرسانی دیكەی عێراق كۆببێتەوە.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە دوێنێ‌ (یەكشەممە) لەشاری بەغدا ئەنجامیدا رایگەیاند "پێدەچێت لەپەراوێزی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق هەواڵی خۆش لەبارەی هاتوچۆی هاووڵاتیانی ئێران‌و عێراق رابگەیەنرێت."

 

زەریف روونیكردەوە "پێشنیاری ئەوەمان بۆ بەرپرسانی عێراق كردووە كە ڤیزای نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵبگیرێت یان بەبێبەرامبەر بدرێت".

 

بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئێران سەردانەكەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سێ رۆژ دەخایەنێت‌و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق كۆدەبێتەوە‌و سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق دەكات.