گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە وتارێكدا بۆ لایەنگرانی

لاهور شێخ جەنگی: ئەم هەفتەیە كۆتایی پێ دەهێنین

2021.08.03 - 18:38
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور شێخ جەنگی: ئەم هەفتەیە كۆتایی پێ دەهێنین

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، ئەگەر كێشەكە ئەوە، ئەوا ملی لە موو باریكترە و ئێستاش دەرفەت ماوە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكرێت و ئەگەر كێشە پۆستەكەی ئەوبێت ئامادەیە دەستبەرداری ببێت. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە وتارێكدا بۆ ژمارەیەك لە لایەنگرانی ئەمڕۆ (3ی ئابی 2021) كە لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە گردی سەرچنار پێشكەشی كرد، جەختیكردەوە: "هەوڵ دەدەین ئەم هەفتەیە هەندێك شت بە شێوەیەكی تەندروست كۆتایی پێ بهێنین و بەلای منەوە پلە و پۆست گرنگ نییە و دەستی بەستووم". 

 

لاهور شێخ جەنگی وتیشی "لەوەتەی بووم بەهاوسەرۆك كەلەبچە كراوم، ئەوە ئەمە نەكەیت، ئەوە نەڵێیت.. بۆیە دڵگران مەبن و ئەگەر من پێویست بكات لە پێناو یەكێتی لەپێناو ئاوكردن بەو ئاگرە ئەوە لاریم نییە پۆستەكەم لەدەست بدەم بەڵام من هەر یەكێتیم و ئەندام كەرتیش بم هەر یەكێتیم".

 

لەبارەى فەرمانى دەستگیرکردنییەوە، لاهور جەنگى باسى لەوەکرد، ئەوە کارێکى منداڵانەیە و تۆمەتى ئەوەیان خستووەتە پاڵ گوایە شەوى رابردوو "میلیشیا" ى کۆکردووەتەوە.

 

جەختیشیکردەوە، ئەگەر زیندانیش بکرێت ئەو هەر یەکێتییە.

 

هەروەها وتیشی "ئەگەر ئەم هەڵبژاردنەش ئێمە پاشەكشە بكەین، ئەوە دڵنیام هەڵبژاردنی داهاتوو كڵپەی ئاگر هەڵدەستێ".

 

باسی لەوەشكرد "بڕیارى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکردووم گوایە من میلیشیام کۆکردوەتەوە من گاڵتەم بەو بڕیارە منداڵانانە دێت".

 

ئەوەشی وت "داوا لە براکانم بافڵ و قوباد دەکەم بە هۆش خۆ بێنەوە و کۆتایی بەم دۆخە بهێنن".

 

لەبارەی هۆكاری جموجوڵی ئەم دوو ڕۆژەی دوایی لاهور شێخ جەنگی وتی  "نەدەکرا لەوە زیاتر بێدەنگ بین، چونکە خەڵک گومانی دەکرد کەدیارە ئێمە شتێکمان کردوە بۆیە بێدەنگین".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوا هەنگاوشیدا کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەیتوانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر تۆمەتەکان پێکبهێنێت، بڕیاریاندا بچنە دادگا بۆ ئەوەی لەرێگەی یاساوە تۆمەتەکان ساغ بکەنەوە. 

 

لاهور جەنگی سوپاسی ئەو لایەنانەی كرد بەدەنگییەوە چوون و وتی "خوا لە برایەتی كەمتان نەكات" باسی لەوەشكرد لایەنگرانی بەمیلیشیا دراونەتە قەڵەم و وتی "من شانازیتان پێوە دەكەم، ئێوە هەموو كەسوكاری شەهیدن".

 

 

گرژبوونی بارودۆخی یەكێتی

ئێوارەی 8 تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی  هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكەش لەمیدیای ئەم حیزبەوە ناونرا "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو" و گەیشتە دەركردنی فرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و هەندێك لە بەرپرسە نزیكەكانی. 

 

 میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی بووە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی.