گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

فەتوایەكی جیاواز لەبارەی حوكمی چاندنی قژی ڕووتاوە

2021.08.03 - 18:17
App store icon Play store icon Play store icon
فەتوایەكی جیاواز لەبارەی حوكمی چاندنی قژی ڕووتاوە

ناس کورد-

بانگخوازێكی ئیسلامی دەڵێت، بەگوێرەی فەتوای ئیبن عوسەیمین کە گەورە شەرعزانی كۆچكردووی سعودیەیە چاندنی مووی سەر دروستە و هیچ كێشەیەكی شەرعی نییە، چونكە دەچێتە خانەی لابردنی عەیبە و نوقسانییەوە نەك جوانكاری بەپێچەوانەی فەتوای یەكێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كوردستانەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بانگخواز و مامۆستا لە زانكۆی هەڵەبجە ئیحسان بورهانەدین لە بڵاوكراوەیەكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (3ی ئابی 2021) باس لەوە دەكات، محەمەد ساڵح عوسەیمین لە گەورە شەرعزانە كۆچكردووەكانی سعودییە وتوویەتی، نەشتەرگەری چاندنی مووی سەر دروستە و هیچ كێشەیەكی شەرعی نییە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو نەشتەرگەرییە لە بواری لابردنی عەیبدا پۆلێن دەكرێت نەك لە بواری تەجمیل و جوانكاری. بۆیە ناچێتە بابەتی گۆڕینی درووستكراوی خواوە، بەڵكو لابردنی عەیب و نوقسانییەكە لە مرۆڤدا كە بریتییە لە كەچەڵی.

 

بەگوێرەی فەتواكەی ئیبن عوسەیمین، سێ كەس لە فەرموودەیەكی بوخاریدا باسیان هاتوە كاتێك مەلائیكەتەكە پێی وت چیت دەوێت وتی قژێكی جوانم ئەوێت ئەویش دەستی هێنا بەسەریدا و كەچەڵییەكەی نەما و قژێكی جوانی لەجێگەدا بۆ ڕوا و دەڵێت "ئەگەر ئەو كارە حەرام بوایە ئەو مەلائیكەتە ئەو كارەی بۆ نەدەكرد. ئەگەر لە شەرعی ئیسلامیشدا ئەو كارە دروست نەبوایە پێغەمبەر (د.خ) ئاگاداری دەكردینەوە.


هەر بەگوێرەی فەتواكە موودەیتری "عرفجة بن أسعد" لەسەردەمی جاهیلییەتدا لووتی لێدانی بەركەوت و بە زیو بۆی چاككرایەوە و دواتر لەسەردەمی ئیسلامدا تێكچوو، ئیتر پێغەمبەر (د.خ) فەرمانی پێكرد لە ئاڵتوون خراپبوونەكەی لووتی بۆ درووست بكرێتەوە.

 

هەروەها بورهانەدین دەڵێت، "زانای تریش لەم سەردەمە بەهەمان شێوە وتوویانە مادام ڕووتانەوەی قژی سەر دەبێتە جۆرێك لە ئازاری دەروونی بۆ خاوەنەكەی لەو حاڵەتەدا چاندنەكە چارەسەرە و ناچێتە بواری (وصل الشعر) كە لە شەرعدا حەرامە". هەروەها "ئینجا كۆڕبەند و مەجامیعی فیقهی بەهەمان شێوە كە بە توێژینەوەو لێوردوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە زانا و شارەزایانەوە فەتوا دەدەن، ڕایان لەسەر ئەوەیە كە چاندنی قژ درووستە و هیچ كێشەیەكی شەرعی نییە، بۆ نموونە لە بڕیاری مجمع الفقه الإسلامي دا رێگەی پێ دراوە".

 

زیاتر بخوێنەوە: ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هەرێم لەبارەى نەشتەرگەریی جوانكاری فەتوای دا



بەگوێرەی دوا فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كوردستان، چاندنی قژ دەچێتە خانەی جوانكارییە حەرامەكان كە بەگوناهێكی گەورە لە قەڵەم دراوە، ئەمەش مشتومڕی زۆری لە سۆشیال میدیا دروستكردووە.