ناس کورد-
وەزیرى دارایی و ئابورى لە سلێمانى چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ فەرمانگە جیاجیاکان ئەنجامدا و جەختى لەسەر زیادکردنى داهاتى ناوخۆیی کردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2/ ئابی/2021 ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى لە نوسینگەى خۆى لە سلێمانى لەگەڵ حاکم ئەحمەد حاجى و ستافى دادگاى گومرگى سلێمانى کۆبوەوە و لەگەل بەرزنرخاندنى کارەکانى دادگاى گومرگ داوایکردن دادگاکەیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا سەربەخۆ بێت و ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتى دادگاى گومرگى هاوكاريان دەكات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دواتر وەزیرى دارایى و ئابورى لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوى بەشەکانى فەرمانگەى باجى خانوبەرەى میرى و بەشی چاودێری و پشكنینی دارایى سلێمانى کۆبوەوە و داوایکرد هەوڵى زیادکردنى داهات بدەن و چاودێرى ورد بن، لەپێناو زیادکردنى داهات لە هەرێمى کوردستان و رێگرى لە گەندەڵى و بەهەدەردان و باسی لەوەش كرد دەبێت دادگاكان رۆڵێكی ئەرێنی و بێ لایەن لە كەیسەكاندا ببینن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەر ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات جەناب نورى بە یاوەرى بەڕێوەبەرى دیوان و ستافى وەزارەت سەردانى بانکى ناوەندی هەرێمى کرد و لە کۆبونەوەیەکى بەرفراواندا لەگەڵ بەڕێوەبەرى بانکەکان، داواکارییەکانی بانکەکان وەرگیرا بۆئەوەى کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکرێن.
دوێنێ یەكشەممەش وەزیرى دارایى و ئابورى سەردانی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گومرگ كرد و لەبارەى پاڵپشتە داراییەکان و پاڵپشتى پڕۆژەکانى سنورى پارێزگاکە و رێکخستنەوە و زیادکردنى داهات بەڵێنی هەموو پشتوانیەكی پێدان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.