ناس کورد-
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت و پێویستە پارەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ڕەوانە بكرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ نەبی (دووشەممە 2ی ئابی 2021) بە میدیای فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند، "سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق جێبەجێ دەكرێت و لەگەڵ ھەرێم دەگەنە ڕێككەوتن، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بکەن، لەئێستادا مانگی شەشیان ڕەوانە كردووە و بڕیاری داوە كە مانگی حەوتیش رەوانە بكرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "حكومەتی عێراق بەپێی بڕیاری سەرۆكوەزیران لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، چونكە بودجە بۆ ئەمساڵە."
جەختیشیکردووەتەوە، "بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ھەموو مانگانێك 200 ملیار دینار رەوانە بكەن، بۆیە پێویستە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش ڕەوانە بكرێت."
ڕوونیشیکردەوە، " بەم ھەنگاوە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكومەت دەتوانێت مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات."