ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەی شەشەمی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان هەڵبژاردنی پێشوەخت مشتومڕی زیاتری لەسەر بووە و لایەنەکان بەسەر سێ ئاڕاستەدا دابەشبوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یوسف محەمەد سادق کە بەشدارى کۆوبونەوەکەى کردووە لە بڵاوکراوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، جگە لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاری کراوی پیشان ئەدەن، هێزەکانی نزیک لە حەشد و هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا، زۆر پێداگرن لەسەر ئەنجام دانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی.
پیشوایە ئەوە بۆ دو هۆکار ئەگەڕێتەوە. یەکەمیان ئەم هێزانە کە دوای نەمانی حکومەتەکەی د. عادل عەبدولمەهدی و گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە عێراق بەهۆی بەئامانج گرتنی قاسم سولەیمانی و موهەندیس و سەرکردەکانی تری حەشد، ڕۆڵ و پێگەیان لەناو دامەزراوەکانی عێراق لاواز بوە، پێشبینی ئەکەن کە هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق ئەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی پێگەیان و، لاواز بونی پێگەی رکەبەرەکانیان بەتایبەت رەوتی سەدر.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، هۆکاری دوەمی ئەم پێداگرییەشیان بۆ ئەوەیە کە لە حاڵەتی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیە، دەستەبەری گۆڕینی حکومەت یان لانی کەم تەعدیلی وەزاری بکەن بەشێوەیەک کە بەهێزەوە بگەڕێنەوە ناو دامەزراوە حکومی و ئەمنی و ئابورییەکان.
باسى لەوەشکردووە، لە بەرامبەردا رەوتی سەدر کە ئەمڕۆ نوێنەریان لە کۆبونەوەکە بەشدار نەبو، لە هەوڵی مانەوەی دۆخی ئێستان. چونکە ئێستا لەهەر کات زیاتر هەژمونیان هەیە بەسەر دامەزراوەکانی عێراق. دور نییە بەیاننامەکەی سەدریش سەبارەت بە کشانەوە لە حکومەت و هەڵبژاردنی داهاتو هەر بۆ دەستەبەرکردنی ئەمە بێ. بەڵگەش بۆ ئەوە بەردەوامیی نوێنەرەکانیانە لە حکومەت، بەتایبەت ئەمیندادی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران.
"لە نێوان ئەم دو ئاڕاستەیە دا، رەوتی میانەڕەوی ناو شیعە بەتایبەت حیکمە و نەسر و، هێزە مەدەنییەکانی تری ناو سوننە و کورد، مەترسیی زۆریان هەیە لە دوبارە بونەوەی ئەزمونی هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق لە ساڵی 2018. لەم روەوە تەسریبی راپۆرتی پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێر و پڕۆسەی هەڵبژاردن کە لە مانگی تەموزی رابردو ئەنجام درا بو زۆر جێگەی مەترسیی ئەم هێزانە بو. هەڵبەت هێزەکانی ناوەڕاستی شیعە مەترسیی ئەوەشیان هەیە کە کشانەوەی کاندیدەکانی نوێنەری خۆپیشاندەرانی تشرین و، رەوتی سەدر و هێزەکانی تر، ببێتە هۆی لاسەنگییەکی گەورە لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق لە قازانجی فەتح و دەوڵەتی قانون و هێزەکانی نزیک لە حەشد".