گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی هاتنی داعش لە تورکیاوە بۆ هەرێم

2021.07.31 - 20:32
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی هاتنی داعش لە تورکیاوە بۆ هەرێم

ناس کورد-

لەدوای لێدوانێکی حاکم زاملی، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک گروپی چەکداریی داعش لە تورکیاوە بێنە هەرێم و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق و دەڵێت، نازانین زاملی ئەو زانیارییەی لەکوێوە دەستکەوتووە، دەشڵێت، لەجێگەی ناکۆکی و هەڵبەستنی پڕوپاگەندە باشترە بۆشاییە ئەمنییەکان بەهاوکاری یەکتر پڕ بکرێنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە 31ی تەموزی 2021، حاکم زاملی، سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، هێڵێكی نوێی هاتوچۆی داعش هەیە لە توركیاوە بۆ هەولێر و كەركوك پاشان باكوری دیالە و بەغدا، لەوێشەوە پلانی تیرۆریستی بۆ بەغدا و پارێزگاكانی تر دادەنێن، داواش لە مستەفا كازمی دەكات گوشار بكات لەتوركیا و هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە هاتوچۆی تیرۆریستان و كردنەوەی كەناڵی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردوولا.

 

لەوبارەیەوە، عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سەرمان سوڕماوە لەو قسانە و گومانمان لا دروست بووە کە حاکم زاملی خۆی یەکێک بێت لەو کەسانەی کە داعش هاوردەی عێراق دەکەن، چونکە بەڕاستی ئەو زانیارییانەی کە ئەو باسی کردووە تائێستا ئێمە نایزانین و پێمان سەیرە ئەو دەیزانێت."

 

جەختیشیکردەوە، "هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئێمە ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە داعش لە تورکیاوە بێتە ئێرە و لێرەوە بچێتە ناوچەکانی خوارووی عێراق."

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمووان دەزانین کە ئەو چەکدارانەی داعشیش کە لە هەرێمی کوردستان دەستگیردەکرێن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە ئێرە نەک لێرەوە بچنە ئەوێ."

 

زاملی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، " چالاكییەكانی داعش پەرەیان سەندووە، بەتایبەت لە ناحیەی یەسریب و زەرگە لە سەلاحەدین، حەلوان لەدیالە و عەگبە لە هیتی ئەنبار، هێرشەكانیش زەرەر و زیانی گیانی و مادیشی زۆریان هەبووە لەڕیزی خەڵكانی مەدەنی و سەربازی. "

 

عەمید عوسمان محەمەد باسی لەوەکرد، "ئەو ناوچانەی کە زاملی باسی دەکات و ناوی هێناون لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە ناوچەی گەرم بوون و داعش لەو ناوچانە جوڵەی زۆر بووە و حکومەتی عێراق  تائێستا نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکات، بۆیە پێویستە ئەو لە حکومەتی عێراق بپرسێت کە بۆچی تائێستا نەیتوانیوە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکاتەوە."

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشیکردەوە، "ئەو لێدوانانە خزمەت بە هیچ لایەکمان ناکات و تەنها دوورمان دەخاتەوە لەیەکتر، باشتربوو لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی دوو لیوا هاوبەشەکە بووینایە و چالاکیی هاوبەشمان هەبوایە لە دژی داعش، نەک کردنی ئەم قسانە."

 

قسەکانی حاکم زاملی لەم لینکەوە: داعش لە توركیاوە دێنە هەولێر و لەوێشەوە بۆ پشتێنەی بەغدا