ناس کورد-
بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵاتیان تاوتوێ کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە (31 ی تەموزی 2021) بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵات، ھاوکات سەرۆک وەزیران کورتەباسێکی لەبارەی ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی بۆ سەرۆک کۆمار باسکرد.
دەشڵێت، ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا و ھەواڵەکانی سەرۆک وەزیران و شاندی حکومەتی لەو بوارەدا بەرزنرخاند، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لە یەکخستنی ھەواڵەکانی هێزە نیشتمانییەکان کرد لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات.
"لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتیان و ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش کە لە ھەواڵدان سەقامگیری و ئارامی هەندێک ناوچە و شار تێکبدەن، ھەروەھا رێگرتن لە هەوڵە تاوانکارییەکان کە ئاسایشی هاووڵاتیان دەکاتە ئامانج و پێشکەشکردنی ھەموو پشتیوانییەک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان."
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا "باس لەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و دووپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، ھەروەھا دابینکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەقۆناغە جیاجیاکانیدا بەرێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ و ھێنانەدی خواستی راستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک."