کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا کە زیاتر لە هەزار میوانی بیانی و ناوخۆیی ئامادەی بوون و وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سوێندی یاسایی خوارد، هێشتا لە شوێنی مانەوەی پێشووی خۆیەتی لەناو ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ دەوام دەکات. . ڕۆژی 10ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی وەک دووەم سەرۆکی هەرێم لە خوولی سێیەمی سەرۆکایەتیدا دەستبەکاربوو، پاش ئەوەی ماوەی دوو ساڵ بوو پۆستەکە بە بڕیارێکی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم، سڕکرابوو. . بۆماوەی 13 ساڵ، پیرمام بوبویە شوێنی دیدارە گەرمەکانی بارزانی و ناوەندی بڕیارە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە 2017دا لێکترازانی لایەنەکان گەیشتە لووتکە و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە، جوگرافیای هەرێمی گەڕاندەوە بۆ 14 ساڵ لەوەوپێش. . لەنێوان دەسەڵاتی پێشووی بارزانی مام و دەسەڵاتی ئێستای بارزانی ئامۆزادا، بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و تەواوی خزمەتگوزاری و مومتەلەکاتی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم تائێستاش بەنادیاری ماونەتەوە و پێچەوانەی هەموو نەریت و مەرسومە فەرمییەکان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکە نوێکەیدا دەستبەکار نەبوو، بەڵکو تا ئێستاش شوێنە کۆنەکەی لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیراندا بەکاردەهێنێت و لەوێ دیدارو کۆبوونەوەکانی ئەنجام دەدات.