گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆحانی گەیشتە بەغدا

سەرۆکی ئێران دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکاتەوە

2019.03.11 - 09:49
سەرۆکی ئێران دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکاتەوە

 

 

ناس كورد-شۆڕش محەمەد

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بەهاوەڵی وەفدێكی سیاسی ‌و ئابوری باڵای وڵاتەكەی ‌و لەسەر بانگهێشتێكی فەرمی بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، گەیشتە عێراق.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئێران سەردانەكەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سێ رۆژ دەخایەنێت‌و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق كۆدەبێتەوە‌و سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق دەكات.

 

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بەر لە گەشتەکەی بۆ عێراق لە ڕۆژنامەنووسە ئێرانییەکانی ڕاگەیاند "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق‌و ئێران لەئێستادا لەساڵێكدا دەگاتە 12 ملیار دۆلار‌و بەهیواین قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكەی نێوانمان بگەیەنینە 20 ملیار دۆلار لەساڵێكدا".

 

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەو وڵاتەی بەرەو عێراق جێهێشتووە كە لەسەر بانگهێشتێكی رەسمی بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی بەغدا دەكات".

 

بەر لەئەنجامدانی گەشتەكەی، رۆحانی لەمیانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئێران بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی پشتیوان‌و هاوكاری عێراق بووە".

 

وتیشی "پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ عێراق هەیە لەسەرجەمی بوارەكان بەجۆرێك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق‌و ئێران ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار‌و بەهیواین بتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە بگەیەنینە 20 ملیار دۆلار لەساڵێكدا".

 

روونیشیكردەوە "چەندین بابەت‌و پرسی گرنگ هەیە كە لەچوارچێوەی سەردانەكەمان بۆ عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی دەكەین".

 

سەرۆك كۆماری ئێران لەبەشێكی تری لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە "وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت كێشە‌و ناكۆكی لەنێوان ئێران‌و عێراق دروست بكات".

 

وتیشی "سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی نهێنی سەردانی عێراقی كرد‌و ناشكرێت بەراودكاری لەنێوان پەیوەندییەكانی ئەمریكا‌و عێراق‌و پەیوەندییەكانی عێراق‌و ئێران بكرێت، هیچ كەسیش ئەو تاوانانەی ئەمریكا لەبیر ناكات كە لەناوچەكەدا ئەنجامیداوە".