گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

سێ بڕیار لە ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێرەوە

2021.07.30 - 18:15
App store icon Play store icon Play store icon
سێ بڕیار لە ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێرەوە

ناس کورد-

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی مەترسییەکانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و چەند بڕیارێکی لەوبارەیەوە دەرکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر (هەینی 30ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، "ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى زنجيره‌ى نوێى ڤايرۆسى كۆرۆنا مەترسیدارە و مەترسیيه‌كانى هەڵکشان و تەشەنەسەندنى كۆرۆناى نوێش ڕۆژ دواى ڕۆژ له‌ زیاد بوون دايه‌ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تى شاره‌كه‌مان، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هاوڵاتییان و دانيشتووانى سنووری پارێزگاى هه‌ولێر ئاگادارده‌كاته‌وه‌، لەم بڕیارانە: 



یه‌كه‌م/ هه‌روه‌ك له‌ ڕاگه‌یندراوى ڕۆژى 2021.7.27، ڕامانگه‌یاندووه‌، پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بەهۆی زۆرى ژماره‌ى مردووان به‌هۆى ئه‌م ڤايرۆسه‌وە، به‌شێك له‌هاوڵاتييان پابه‌ندنين و ئاگادارين سه‌رپێچی له‌م بڕياره‌ ده‌كرێت، بۆيه‌ جارێكى تر هۆشدارى ده‌ده‌ين به‌ هاوڵاتييانى شاره‌كه‌مان كه‌ پابه‌ندى ئه‌و بڕياره‌بن و ڕه‌چاوى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هاوڵاتييه‌ك پرسه‌ لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) دابنێت، له‌لايه‌ن هێزه‌كانى پۆليس ده‌ست به‌جێ پرسه‌كه‌ى داده‌خرێت و به‌پێبژاردن سزا ده‌درێت.



دووه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و ژماره‌ى تووشبوانى زنجيره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆناش له‌ زياد بوون دایە، به‌وهۆيه‌وه‌ له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كان ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ كه‌س و كار و خانه‌واده‌ و خزمانى تووشبوان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى تووشبوانى كۆرۆنا ده‌مێنه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى زۆر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى ديكه‌ی زيادبوونى ژماره‌ى تووشبوان و بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنايه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاوڵاتييانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ئاگادارده‌كه‌ينه‌وه‌، سه‌ردانى تووشبوانى كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و مانه‌وه‌ و دروستكردنى قه‌ره‌باڵغى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك قه‌ده‌غه‌يه‌ و هه‌ركه‌س و لايه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت ڕێكارى ياسايى له‌به‌رمبه‌ردا ده‌گيرێته‌به‌ر.

 

سێيه‌م/ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕاسپاردراون ئاماده‌كاریی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م بڕیارانه‌ بكه‌ن، ئه‌و بڕيارانه‌ش سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌.