گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

’’سێ دۆسیەى لەسەرە’’..فەرمانى دەستگیرکردن بۆ میران محەمەد دەرکرا

2021.07.29 - 14:42
App store icon Play store icon Play store icon
’’سێ دۆسیەى لەسەرە’’..فەرمانى دەستگیرکردن بۆ میران محەمەد دەرکرا

ناس کورد-

فەرمانى دەستگیرکردن بۆ میران محەمەد ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى دەرکرا و بەپێی زانیارییەکانى "ناس" لەسەر سێ دۆسیە لێپێچینەوەى لەگەڵدا دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ "ناس" ئاشکرایکرد، ئەو سێ تۆمەتە پەیوەندیدارن بەو کاتەى کە میران محەمەد بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بووە، پێش ئەوەى ببێتە پەرلەمانتارى عێراق.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر سێ دۆسیەکە پەیوەندیان بە پارەوە هەیە، کە یەکێکیان پەیوەندى بە خەرجکردنى نزیکەى ملیارێک و 500 ملیۆن دینارەوە هەیە و فەرمانى دەستگیرکردنەکە لەسەر ئەم دۆسیەیە دەرکراوە.

 

هاوكات سەرچاوەیەکى ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکان بۆ "ناس کورد" وتى، لە بەرواری 29/7/2021 دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی د. میران محەمەد عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاکی.

 

وتیشى تۆمەتەکان پەیوەندیدارن بە تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەران، کە شیاوی خەرجکردن نەبووە و چەکی بازاڕ بووە، کە بەنیوە قیمەت یان کەمتر لە قیمەتی خۆی کڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی (نەختینە) خەرجکراوە، بە پشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو.

 

سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، "بەپێی یاسا، یٔەم کارە بەتاوان هەژماردەکرێت و بەکارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (کسب غیر مشروع)".

سۆشیال میدیای سەر بە لاهور شێخ جەنگی بڵاویكردەوە (29 تەمموزی 2021) هۆكاری دەرچوونی فرمانی گرتنی د. میران ڕەتكردنەوەی بەشداریكردنی بووە لە كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان و ملنەدانی بووە بۆ بافڵ تاڵەبانی وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی. 

لای خۆشییەوە عەلی حەمە ساڵح، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بڵاویكردەوە پێشتر ئەم دۆسییەی ناردووە بۆ داواكاری گشی لە 2017، دەیان بەرپرسیتر لەم دۆسییەدا هەن كە زەوی و نەوت و قاچاخییە. 

me_ga.php?id=4314

پێشتر "ناس کورد" بڵاویکردەوە، پاش دەرچوونی فەرمانی گرتن بۆ دوو برای هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، بەدواداچوونی دۆسییەی هەندێک لە بەرپرسە نزیکەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەدەرەوەی خێزانەکەی درێژەیان هەیە و لەم میانەیەشدا چاوەڕوان دەکرێت هەندێک فرمانی گرتن و لەسەرکارلابردن لەڕۆژانی داهاتودا ئاشکرا بکرێن.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری لێکۆڵینەوە بە "ناس کورد" یان ڕاگەیاند (29 تەمموزی 2021) لەمیانەی بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی کاریانکردووە و لێی نزیک بوون لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، بڕیارە یەکێکیان کە لەئاستێکی باڵادایە لەسەر تۆمەتەکانی کارکردنی پۆستی پێشووی لە حکومەتی هەرێم لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت و دەرچوونی فرمانی گرتنی لە ئان و ساتدایە، یەکێکتر لەوانەشی لە کابینەی ئێستای حکومەتدا لە پۆستدایە بڕیار دراوە دووربخرێتەوە و بگۆڕدرێت بە کەسێکی تر.

پێشتر سۆشیال میدیای هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی ئەم جموجوڵانەوە بڵاویکردەوە "لەئێستادا یاسا لە سلێمانی نەماوە و دەباشان هەرکەسیان بوێت دەیگرن و تۆمەتی ئاراستە دەکەن".

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی "ناس کورد" لە ڕۆژانی پێشوودا، بافڵ تاڵەبانی هەر سەرقاڵی ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆی و خستنەڕووی کارنامەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بووە بۆ ئەو بەرپرسانەی یەکێتی کە لەسەر هیچ لایەکیان ماڵ نین بەمەبەستی دروستکردنی متمانە لایان و مسۆگەرکردنی پاڵپشتییان لە هەنگاوەکانی بەتایبەت دوورخستنەوەی ئامۆزاکەی لە هاوسەرۆکایەتی یەکێتی و دەستگرتن بەسەر دەزگا ئەمنی و میدیاییەکانی لەپاش 8 تەمموزی 2021.