ناس کورد-
لە شەوی ڕابردووەوە شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشێکی چڕیان بۆ سەر گوندی باغوز دەستپێکردووە و لە چەند لایەکەوە پێشڕەوییان کردووە.
دوای ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەک هێرشەکەیان بۆ سەر دواهەمین مۆڵگەی داعش دواخست بەهۆی بوونی هاوڵاتییەکەی زۆری مەدەنی، لە شەوی ڕابردووەوە هەسەدە شەڕی کۆتایی دژی داعش ڕاگەیاند.
مستەفا بالی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێوارەی دوێنی ڕایگەیاند ئەو ماوەیە کۆتایی هاتووە کە دیارییانکردبوو بۆ خۆبەدەستەوەدانی چەکدارانی داعش، بۆیە هێزەکانیان دەستدەکەن بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان.
https://twitter.com/mustefabali/status/1104759691115143168
لە شەوی ڕابردووشەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەند جارێک گوندی باغوزیان بۆردومان کردووە، شەڕڤانانیش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی زەمینیان دەستپێکردووە.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردوەتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕی سەخت شەڕڤانان توانیویانە بەربەستەکانی داعش تێکبشکێنن و پێشڕەویی بکەن، تا ئێستاش شەڕی سەخت بەردەوامە.
https://twitter.com/mutludc/status/1104970049650130945
باغوز دواهەمین شوێنە کە چەکدارانی داعش بەدەستیانەوە مابێت، پێشبینی دەکرێت نزیکەی هەزار چەکداری داعش لەو ڕووبەرە کەمەدا هەبن سەرەڕای خێزان و منداڵی ئەو چەکدارانە کە بەهەمان شێوە لە ناوچەکەدا ماون.