گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتوچۆ هەوڵێک بۆ ’’پێدانى ژمارە’’ بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئاشکرادەکات

2021.07.27 - 18:06
App store icon Play store icon Play store icon
هاتوچۆ هەوڵێک بۆ ’’پێدانى ژمارە’’ بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی ئاشکرایکرد، لەهەمان رۆژى دەستپێکردنى هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتادا، بەنوسراوى رەسمى داوایان لەلایەنى پەیوەندیدار کردووە ئۆتۆمبێلەکان تۆماربکرێن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەقید سەعدوڵڵا عەزیز بە رۆژنامەى کوردستانى نوێی زمانحاڵى یەکێتى راگەیاند "بەمەبەستی هاوكاریكردنی هاوڵاتیان و زیان نەگەیاندن بە گیرفانیان، رۆژی 25 ئەم مانگە بە نووسراوی رەسمی داوامان لە سەرو خۆمان كردووە كە ئەو ئۆتۆمبێلانە داوای رێكاری یاسایی، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ تۆمار بكرێن".

 

وتیشى "هەر بۆیە داوا لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەین كە لە ماوەی رابردوودا ئاماركراون كە نزیكی 20 هەزار ئۆتۆمبێلە ئارام بگرن و ئۆتۆمبێلەكانیان هەرزانفرۆش نەكەن، لە شوێنێكی پارێزراودا رایبگرن و بەكارینەهێن لەسەر شەقامەكان، تا حكومەت بڕیارێكی تر دەدات لەوبارەیەوە كە بە سوودی ئەوان بێت".

 

عەقید سەعدوڵڵا جەختیکردەوە، راستە ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە نایاسایین و نابێت لەسەر شەقام بەكاربهێنرین لە هەمان كاتدا ناكرێت نزیكی 20 هەزار ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا بگیرێت و زیان بە خاوەنەكانیان بگەیەنرێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان بڕیارێك بدرێت بۆ تۆماركردنیان.

 

بەپێی ئامارەکان لەهەرێمى کوردستان نزیکەى 19 هەزار ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا سەرژمێرى کراون کە زۆرترینیان لەسنورى قەزاى سۆرانە کە نۆ هەزار ئۆتۆمبێلە، لەدواى ئەویش سلێمانى بە سێ هەزار، پاشان راپەڕین بە 2000، هەولێر 1500-1600 دهۆک 1500 ئۆتۆمبێل.  

 

عەمید ئەسعەد کەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، مامەڵە و ئاماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانە تا ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە بارەیانەوە نەدراوە.

 

داواکەى هاتوچۆى سلێمانى بۆ تۆمارکردنى ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوکاتە لەگەڵ دەرکردنى بڕیارى دەستبەسەرداگرتنى ئەو ئۆتۆمبێلانە کە لەچەند مانگى رابردوودا بەقاچاخ هاوردەى هەرێم کراون.