گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە فەرمی

حکومەتى هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر ئەگەرى کەرەنتینەى گشتى دەدات

2021.07.26 - 21:44
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر ئەگەرى کەرەنتینەى گشتى دەدات

ناس کورد-

سبەینێ لیژنەى باڵاى کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر توندکردنەوەى ڕێوشوێنەکانى کۆرۆنا، لەناویاندا بژاردەى قەدەغەى هاتوچۆ کە وەزارەتى تەندروستى پێشنیازى کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە (26ی تەموزی 2021) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى زمانحاڵى پارتى ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەى سبەینێی لیژنەکەدا تاوتوێی ڕاپۆرتى وەزارەتى تەندروستى دەکرێت کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە کراوە.

 

وتیشى، "دۆخێکى نوێ هاتووەتە پێشەوە کە پێویستى بە رێکارى توندتر هەیە، هەموو ئەگەرەکان لە بەردەممان کراوەیە، دواى تاوتوێکردنى راپۆرتەکە بڕیارى گونجاو دەدەین".

 

لەبارەى ئەگەرى قەدەغەى هاتوچۆ، جوتیار عادل ڕایگەیاند، ڕێکارەکان توندتر دەکرێت چونکە ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە.

 

ماوەى چەند ڕۆژێکە ئامارەکانى توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ بەرزترین رێژەى توشبوون تۆمارکرا کە زیاترە لە سێ هەزار توشبوو.

 

بۆ تاوتوێکردنى ئەو دۆخە، ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ کۆبووەوە و چەند پێشنیازێکی بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کرد، یەکەمیان کەرەنتینەی گشتییە بۆماوەی نزیکەی 10 ڕۆژ و دووەمیان کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکانە.

 

ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارتی تەندروستیی هەرێم بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێکمان ئامادەکرد و ئاڕاستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای دەکەین، کە یەکەمیان ڕاگەیاندنی کەرەنتینەی گشتییە بۆ ماوەی هەفتەیەک تا 10 ڕۆژ."



وتیشی، "ئەگەر ئەوەش نەکرا، پێشنیازی دووەم ئەوەیە کە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان ڕابگیرێت و دەوامی فەرمانگەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە کە تەنها ئەوەندە فەرمانبەری لێبێت کە کاروباری هاووڵاتیان ڕایی بکرێت، واتە بەگشتی هاتوچۆ و تێکەڵاوی کەمبکرێتەوە."



ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێکی دیکە لە پلانەکان ئەوەیە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێژەی دابینکردنی ڤاکسینەکان بۆ دوو هێند و سێ هێندە زیاد دەبێت و پلان و بەرنامەمان بۆ ئەوە هەیە، هەروەها زیادکردنی سەنتەرەکانی کوتان ئەوەش بۆ ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان."