گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی و زانیاریی

لە سلێمانى چەند کەسێک داواى گۆڕینى ڕەگەزی خۆیان کردووە

2021.07.26 - 17:09
App store icon Play store icon Play store icon
لە سلێمانى چەند کەسێک داواى گۆڕینى ڕەگەزی خۆیان کردووە

ناس کورد-

ئەفسەرێکى کاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی ئاشکرایکرد، چەند داوایەکی گۆڕینی ڕەگەز لە سلێمانى تۆمارکراوە و ڕەتکراونەتەوە، بەڵام چەند داوایەکى ڕاستکردنەوەی ڕەگەز یەکلایی کراونەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موقەدەمی مافپەروەر بێستوون سلێمان حەمەئەمین، ئەفسەر لە کاروباری یاسایی بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا لەو بارەیەوە نوسیویەتى، "ڕەگەزگۆڕین لەو بابەتانەیە کە یاسایی عێراقی بۆی نەچووە و هیچ دەقێکی یاسایی نییە کە چارەسەری ئەم بابەتە بکات، بەڵام بە پشت بەستن بە (ماددەی یەکەم/ بڕگەی دوو) لە یاسایی شارستانی عێراقی ژمارە (40  بۆ ساڵی 1951) کە باس لەوە دەکات، ئەگەر هاتوو دەقێکی تەشریعی نەبوو بۆ جێبەجێ کردن، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ عورف، وە ئەگەر بە پێی عورف ئەو بابەتە نەناسراو بوو، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ بنەماکانی شەریعەی ئیسلام.. دواتریش قەواعیدی عەدالە".



ڕوونیشیکردووەتەوە، "تاکەکانی کۆمەڵگای عێراقی ناتوانن ڕەگەزەکەیان بگۆڕن لە نێر بۆ مێ یان بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی کە یاسایی عێراقی بێدەنگە بۆ بابەتەکە و هەروەها لە عورفی کۆمەڵگای عێراقی گۆڕینی ڕەگەز، کردارێکی نەناسراوە (غیر مألوف)".



"بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی شەریعەی ئیسلامی و دەبینین گۆڕینی ڕەگەز لەو کارانەیە کە نەهی لێکراوە، بە گۆڕان لە دروست کراوەکانی خوای گەورە ئەژمێردرێت، وە پێچەوانەیە لەگەڵ حوکمەکانی شەرع و یاسا، وە حەرام کراوە بە ڕەهایی. هەروەها ئەوەی کە دەوترێت ڕەگەز گۆڕین تەنها گۆڕانکاریە لە ڕووکاری دەرەوەی جەستە چونکە هەریەک لە ڕەگەزەکان (نێر و مێ)پێکەوە لکاوی و تەواوکاری هەیە لەنێوان ئەندامانی دەرەوە و ناوەوەی جەستەی. بۆیە داواکانی گۆڕینی ڕەگەز لە هەرێمی کوردستان ڕەد دەدرێنەوە".



لەبارەى ڕاستکردنەوەى ڕەگەز بە پێی یاسایی عێراقی، بێستوون سلێمان دەڵێت، "ڕاستکردنەوەی ڕەگەز بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە دوو ڕەگەزن (الخنثی) یان شێواوی لە ڕەگەزییان هەیە، ڕاستکردنەوەکە بە پێی حاڵەتی کەسەکە دەکرێت بۆ نێر یان مێ. بە وەرگرتنی هۆرمۆنات یان نەشتەرگەری. ئەمەش پاڵپشتە بە ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی ژمارە (4 بۆ ساڵی 2002) و دەبێت تەمەنی کەسەکە کەمتر بێت لە (18) ساڵ".

دەشڵێت، چەند داوایەکی گۆڕینی ڕەگەز لە (نێر بۆ مێ و مێ بۆ نێر) تۆمار کراوە لە بەڕێوبەرایەتیییەکەیان بەڵام پوچەڵ کراونەتەوە بە پێی یاسا. دواجاریش بڕیارێکی (سەرۆکایەتی دادگایی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان/ دەستەی شارستانی) دەرچوو، لەسەر بابەتی ڕەگەز گۆڕین. بە ژمارە (26/ الهیئة العامة المدنیة) کە ناوەڕۆکەکەی هەڵوەشاندنەوەی (نقضي) بڕیارێکی ڕەگەز گۆڕین بوو.



بەوتەى ئەو ئەفسەرە، هەروەها چەند داوایەکی ڕاستکردنەوەی ڕەگەز تۆمار کراوە پاش بەجێگەیاندنی ڕێکاری یاسایی و ڕەوانەکردنی کەسی داواکار بۆ لیژنە پسپۆڕییەکانی پزیشکی داواکان سەلمێندراوەو (حسم) بوون.