ناس کورد-
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕەتی کردەوە سبەینێ گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ناوبراو لە سلێمانی ساز دەکرێت و دەڵێت، "لە ئێستادا کۆبوونەوەی لەو جۆرە لە بەرنامەدا نییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی لە ڕوونکردنەوەیەکدا (24ی تەموزی 2021) دەڵێت، "لە هەندێک پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە (25ی تەموزی 2021) کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ بەڕێز هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی ڕێکدەخرێت، لێرەوە سەرجەم ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگادار دەکەین، کە لە ئێستادا کۆبوونەوەی لەو جۆرە لە بەرنامەدا نییە."
دەشڵێت، لاهور شێخ جەنگی "سوپاس و پێزانیی تایبەتی هەیە بۆ هەموو دڵسۆزانی یەکێتیی و ئەو جەماوەرە خۆشەویستەی کە لە ڕۆژانی جەژندا ئەرکیان کێشا و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە سەردانی بەڕێزیان کردووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی سەرقاڵی بەڕێزیانەوە بە دۆخی ناوخۆی یەکێتیی و ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان هیچ کۆبوونەوەیەکی فراوان و جەماوەری ئەنجام نادرێت، لە داهاتووشدا بۆ هەر چالاکی و کۆبوونەوەیەک ئاگادارتان دەکەینەوە."
ڕاگەیەنراوەکە کەمێک پێش ڕاگەیەنراوی پارێزگای سلێمانییەوە هات کە بڕیاری دا "پێویستە هەموو چالاکییەکی سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ڕابگیرێن."
زیاتر بخوێنەوە: چەند بڕیارێک لە هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە؛ ڕێگە بە گردبوونەوەى سیاسیی نادرێت