گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاو زیادی کردووە

ئێران ئاوی ڕووباری سیروانی بەرداوەتەوە

2021.07.24 - 12:13
App store icon Play store icon Play store icon
ئێران ئاوی ڕووباری سیروانی بەرداوەتەوە

ناس کورد-

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشکرای کرد، ماوەی چوار رۆژە ئێران ئاوى ڕووباری سیروانی بەرداوەتەوە بەڵام هێشتا هۆکارەکەى ئاشکرا نەکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕەحمان خانى ئەمڕۆ شەممە (24ى تەموزى 2021) لە لێدوانێکدا بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "چوار ڕۆژە ئێران ئاوى بەرداوەتەوە، دوو ڕۆژى سەرەتا 10 مەتر سێجا ئاوى بەرداوەتەوە ، بەڵام لە دوێنێوە بڕەکەى زیاد کردوە".

 

بەڕێوبەرى بەنداوەکە ئاماژەى بەوەش کرد، ئەم بەردانەوەیە پەیوەندى بە ڕێکەوتنەوە نییە، پێدەچێت پەیوەندى بە بەرهەمهێنانى کارەباوە هەبێت یان لەوانەشە بەهۆى ئەو لافاوەى هەندێک ناوچەى ئێرانى گرتەوە بەم دواییانە، لە هەموو باودۆخێکدا پەیوەندى بەحساباتى خۆیانەوە هەیە.

 

وتیشی، ئەو بەردانەوەیە ئاوی بەنداوەکە زیاد دەکات و مەترسی لەسەر پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە کەم دەکاتەوە.

 

بەنداوى دەربەندیخان ساڵی 1965 لەسەر زێی سیروان دروست کراوە، بەرزییەکەى 128مەترە، پانیەکەى 500 مەترە، تواناى گلدانەوەى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە.

 

پێشتر وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق ڕایگەیاند، سەرچاوەکانى ئاوى بەنداوى دەربەندیخان بڕاون و سەرچاوەکانى ئاوى بەنداوى دوکانیش 70% کەمیانکردووە.

 

مەهدى ڕەشید، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق (9ى ئایارى 2021) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد، کەمى بارانبارین و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا سەرچاوەکانى ڕووبارى دیجلە و فوراتى کەمکردووەتەوە، داوامان لە تورکیا کردووە کە زیانەکانمان لەگەڵدا بەش بکات و ئەوانیش وەڵامى ئیجابییان هەبووە.

 

ئاماژەى بەوەشدا، هەروەها سەرچاوەکانى ئاوى بەنداوى دەربەندیخان بڕاون و سەرچاوەکانى بەنداوى دوکانیش 70% کەمیانکردووە، بەڵام دانیشتوانى پارێزگاى دیالە دڵنیادەکەینەوە کە ئاوى باخەکانیان و ئاوى خواردنەوە بەشى پێویست هەیە و پارێزراوە.

 

مەهدى ڕەشید لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتى، بەشى پێویست ئاوى عەمبارکراومان لە ڕووبارەکانى دیجلە و فورات هەیە بۆ دابینکردنى پێویستى پلانى کشتوکاڵیى هاویینە.