ناس کورد-
وتەبێژی سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ڕایگەیاند، رێگە نادەن ناوی ئاژانس بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی هیچ كەسێك بەكاربێت، دەشڵێت، هەركەسێك لە هەر پلە و پایەیەكدا بووبێت تێوەگلابێت لە تاوان و كاری نایاسایی، دەستگیر دەكرێت، راپێچی بەردەم یاسا دەكرێت و ڕای گشتییش لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و سزادانی ئاگادار دەكرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری (هەینی ٢٣ی تەموزی ٢٠٢١) ڕایگەیاند، " دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەكان، پرۆسەیەكی هەواڵگریی وردە و بە نهێنی و بەشێوەی بەردەوام بەڕێوە دەچێت، بەڵام چەند رۆژێكە لە پەراوێزی هەندێ پێشهات، هەڵمەتێكی میدیایی لە دژی پرۆسەكانی سەقامگیری و ئاسایش دەستی پێكردووە و هەندێ لایەن بە مەرامی زیان گەیاندن بە ناوبانگی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری سەر بە ئاژانس، هەواڵی بێ بنەما لەسەر ئەفسەر و كارمەندانی ئەم دەزگا تێكۆشەرە بڵاو دەكەنەوە و دەیانلكێنن بە هەندێك كاری نەكراوەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، خاوەنی ناوبانگی نیشتمانی و كوردستانییە، جێدەستی لە پاراستنی ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێم و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و سیخوڕی و تاواندا بەرجەستە و باڵایە. كادر و كارمەندانی ئاژانس ولە ناویشیاندا پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكانی دژە تیرۆر، قاڵبووی خەباتی نیشتمانی و پەروەردەكراوی دیسپلینی سەربازین و پابەندن بە یاسا بەركارەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ و ئیتیكی پیشەییدا رەفتار دەكەن و تەنها رێ پێدراون ئەو ئەرك و فەرمانانە جێ بەجێ بكەن كە ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە پێناو دابین كردنی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان پێیان دەسپێرێت."
ئەوەش خراوەتەڕوو، " لەم سۆنگەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆر، بەشێكە لە شانازییەكی مێژوویی و بەردەوامی گەلی كوردستان. بەشدارێكی بەهێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژ بە تیرۆر، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرخستنی جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر و لە پێناو پاراستنی دیموكراسی و ئازادی و ئارامیی و مرۆڤایەتی قوربانیی داوە، و بە خوێنی شەهید و بریندار و شارەزایی و پشوودرێژیی ئەفسەرەكانی، سەدان نەبەردی مێژوویی پڕ شانازی بۆ گەلەكەمان تۆمار كردووە."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەم روونكردنەوەیه ئەوە رایدەگەیەنین كە لێكۆڵینەوە لەسەر گومانەكانی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، یەكێكە لە ئەركه لە پێشینەكانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، دڵنیابن رێگە نادەین ناوی ئاژانس بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی هیچ كەسێك بەكاربێت، بەڵێنتان پێ دەدەین هەركەسێك لە هەر پلە و پایەیەكدا بووبێت تێوەگلابێت لە تاوان و كاری نایاسایی، دەستگیر دەكرێت، راپێچی بەردەم یاسا دەكرێت و رای گشتییش لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و سزادانی ئاگادار دەكرێتەوە، هاوكات رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك كە بیەوێت بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێ بنەما، ئەرك و ماندوبوونی ئەفسەرانمان بخاتە ژێر پرسیار، و گێرەشێوێنی بكات تا ناو و ناوبانگیان بزڕێنێت."