ناس کورد-
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەو پارەی بەنزینەی کە گران کراوە لەسەر هاووڵاتیان دەچێتە گیرفانی دوو گروپەوە و دەشڵێت، یەکەمیان هاوسەرۆکی یەکێتی (کە نازانم ئێستا سەرۆکە یان هاوسەرۆک) و دووەمیش کەسێکی ناو بنەماڵەی بارزانییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ (یەکشەممە 18ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، "نەوەی نوێ نزیکی یەک مانگە بەردەوامە لە بەنزین دابەشکردن بە 500 دینار، پارتی و یەکێتیش بەردەوامن لە سەرانە سەندن لە خەڵک و پارە زیاد وەرگرتن لە بەنزین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پارەی بەنزینە کە گرانیان کردووە، دەچێتە گیرفانی دوو گروپەوە، یەکەمیان هاوسەرۆکی یەکێتی (کە نازانم ئێستا سەرۆکە یان هاوسەرۆک) کە لە دەروازەکان بۆ هەر یەک تەن بەنزین 100 دۆلار وەردەگرن سەرانە بۆ حیزب، هەروەها لە سنوری پارتیش کەسێکی ناو بنەماڵەی بارزانی بەرپرسە لەو پاڵاوتگە نوێیەی کە دانراوە و نرخیان زیاد کردووە بۆ ئەوەی رۆژانە تەنها لە بەنزیندا سەروو یەک ملیۆن دۆلار بخەنە گیرفانیان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "25 رۆژ پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رامانگەیاند کە ئەگەر دەسەڵات راست دەکات و دەڵێت بەنزین زۆری تێ دەچێت، ئەوا با بێن لەگەڵماندا و لە ئێرانەوە تەنکەرێک بەنزین دەهێنین، بزانین بێ سەرانەی کۆمپانیاکان و باج، لیتری چەندە دەکەوێت؟."
دەشڵێت، "حەز دەکەم خەڵک جیاوازی نەوەی نوێ و ئەم دوو حیزبە بزانن، ئەمانە لە بچوکترین فرسەت دەگەرێن بۆ ئەوەی دزی لە خەڵک بکەن، نەوەی نوێش نزیکی مانگێکە بەنزین بە 500 دینار دابەش دەکات."
شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەگەر کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی دەڵێن وا نییە یاخود نەیانزانیوە، ئەوا ئێستا دەیزانن، فەرموون ئەو باج و سەرانەیە لابەرن، خۆ ئێستا بە حسابی هەردوولاتان دژی سەرانەسەندنن، ئەی پێمان ناڵێن ئەو کۆمپانیایانەی سەرسنورەکان هی کێن کە پارە وەردەگرن و پاڵاوتگەکانی ناوخۆ هی کێن؟."
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە هیچمان نەکردبێت ئەوە نزیکی مانگێکە بەنزین بە 500 دینار دابەش دەکەین، ئێمە بۆ دەتوانین، ئێوە بۆ ناتوانن؟ ئەگەر مەسەلە دزیکردن نەبێت لە خەڵک؟ ئەوە باسی ئاو دابەشکردنیش ناکەین لە هەولێر کە 30 ساڵە دەسەڵاتی جوت حیزب پێیان چارەسەر نەبووە."