گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەفتەی دووەمدا چی ڕوودەدات؟

ناس زانیاریی لەبارەی تای خوێنبەربوون لە هەرێم و نیشانەکانی ئاشکرا دەکات

2021.07.18 - 11:33
App store icon Play store icon Play store icon
ناس زانیاریی لەبارەی تای خوێنبەربوون لە هەرێم و نیشانەکانی ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

تای خوێنبەربوون ئەو پەتایەی لەماوەی هەفتەیەکدا چوار حاڵەتی لە عێراق لێ تۆمارکراوە و مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە، پزیشکێکی ڤێتەرنەریش باس لە نیشانەکانی دەکات و دەڵێت، لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە و %30ی توشبووان گیان لەدەستدەدەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە عێراق چوار حاڵەتی پەتای خوێن بەربوون تۆمارکراوە کە جۆرە پەتایەکە لە ئاژەڵەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ.

 

د. شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی و پزیشکی ڤێتەرنەری (یەکشەممە 18ی تەموزی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ئەو ڤایرۆسە کە بە "نیێرۆ ڤایرۆس" ناسراوە لە گەنەوە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە و دواتریش لەڕێگەی بەرکەوتن و خوێن و پێکهاتەکانی ئاژەڵەکەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

 

وتیشی، " ئەو جۆرە ڤایرۆسە لە عێراق و هەرێم نوێ نییە و لە ساڵی 1979وە لە عێراق تۆمارکراوە و ساڵانەش بەتایبەت لە وەرزی هاویندا حاڵەتی توشبوون لەنێو ئاژەڵاندا تۆماردەکرێت و بەمنزیکانەش تۆمارکراوە، ڕێژەی گیان لەدەستدانی توشبووانی ڤایرۆسەکەش زۆر بەرزە و دەگاتە %30."

 

نیشانەکانی چین؟

 

بەوتەی د. شاڵاو عارف، دیارترین نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەمانەن:

 

1 - سەرئێشەیەکی توندی سەر و مل و سک و ئازاری جومگەکان.

2 – سوربوونەوەی سەر شان و سنگی توشبووەکە.

3 – توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە.

4 – لەگەڵ سکچووندا توشی خوێن بەربوون دەبێت.

 

ئەو پزیشکە دەڵێت، "لە هەفتەی دووەمی توشبوون بە نەخۆشییەکە و دەرکەوتنی نیشانەکاندا %30ی لە توشبووان ئەگەری گیان لەدەستدانیان هەیە."

 

د. شاڵاو عارف ئاماژەی بەوەشکرد، "لەئێستادا %60ی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیانەی توشی مرۆڤ دەبن لەڕێگەی ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێنەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداری خۆیان بن و گۆشتێک نەکڕن و نەیخۆن کە دڵنیا نەبن لێی."

 

بە کوڵان لەناو دەچێت؟

 

بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی باسی لەوەکرد، "ئەوەی کە کەیسەکە ئاشکرا دەکات، تەنها ئەوەیە کە ئاژەڵەکە گەنەی پێوەیە، واتە هەر ئاژەڵێک گەنەی هەبێت ئێمە لە کوشتارگە دەیگێڕینەوە و ڕێگە بە سەربڕینی نادەین، ئەگەر چارەسەر کرا چارەسەر دەکرێت و ئەگەریش ڕێژەکەی زۆربوو ئەوا لەناودەبریت."

 

وتیشی، "گواستنەوەکەی لەوکاتەدایە کە لە کوشتارگە بەر کارمەندان دەکەوێت، یاخود لەو شوێنەی ئاژەڵەکە سەردەبڕدرێت، یاخود لەکاتی کڕین و فرۆشتن و شۆردنەوە و ئامادەکردنی گۆشتەکە لە ماڵەوە، بۆیە پێش کوڵاندنی ئەگەرێکی زۆری گواستنەوەی هەیە و مەترسیدارە."

 

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی ڤایرۆسەکەی مەترسیدارتر کردووە ئەوەیە کە لەڕێگەی پژمە و لیکی دەمەوە لە کەسی توشبووەوە بە کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە."

 

ئەو پزیشکە ڕێنمایی هاووڵاتیانیشی کرد کە بەردەوام گۆشتی ئەو ئاژەڵانە بکڕن کە لە کوشتارگە سەردەبڕدرێن و مۆریان پێوەیە و لە سەر شەقامەکان گۆشت نەکڕن، داواشی لە ئاژەڵداران کرد چاودێری ئاژەڵەکانیان بکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانە.