ناس کورد-
سۆشیاڵ میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردەوە، کە ناوبراو لە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی نێوان یەکێتی و گۆڕان کشاوەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێکی فەرمیی لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سۆشیاڵ میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگی (شەممە 17ی تەموزی 2021) لەزاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردەوە، " لاهور شێخ جەنگی لە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی نێوان (یەكێتی و گۆران) بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق كشاوەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " تەنها ئەوە ماوە كشانەوەکەی بە فەرمی ڕابگەیەنێت."
ناس کورد لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەکی باڵای ناو یەکێتییەوە هەوڵی دا ئەو هەواڵە پشتراست بکاتەوە، بەڵام بەشێکیان ئاگاداری بابەتەکە نەبوون و بەشێکیشیان بەردەست نەبوون.
لەلایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە ئەوان پەیوەندییان بە کشانەوەی لاهور شێخ جەنگییەوە نییە و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوام دەبێت و پابەندن پێوەی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری دا هەموو دەسەڵاتەکان لە لاهور شێخ جەنگی وەربگیرێتەوە و بدرێتە بافڵ تاڵەبانی، بڕیارەکە ئەمڕۆ دەرچووە و هەر ئەمرۆش جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی نوسراوەکەى مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خاڵی یەکەمی کۆنووسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییە کە لە ڕۆژی 15ی تەموزی 2021 لەبارەی کێشەی هاوسەرۆکانەوە بەڕێوەچوو و رایدەگەیێنێت، کە لەلایەن سەرجەم هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی پەسندکراوە.
بڕیارەکەش بەمشێوەیە:
1- هاوسەرۆک لاهوور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی دەدات بە هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی، تا کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەو.
2- ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجی دەکرێت.