ناس کورد-
دوای هەرزانبوونی نرخی بەنزین لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە دروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بەتایبەت لەدوای جەژن ئەنجامەکەی لە هەموو پارێزگاکان دەردەکەوێت و نرخەکەی زیاتریش دادەبەزێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەوتەی ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سوتەمەنیی هەولێر، ھەنگاوی كرداری بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێكردووە و لە یەكەم قۆناغیشدا ئەمڕۆ شەممە 17ی تەموز، نرخی بەنزین لە 27 بەنزینخانە هەرزان كرا، كە نرخی ھەر لیترێك كراوەتە 660 دینار.
لەوبارەیەوە ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین بڕیارێکی کوردستانییە و بۆ هەموو پارێزگاکانە نەک تەنها پارێزگایەک، بەڵام دابەزاندنی نرخەکەی چەند ڕۆژێکی پێدەچێت و لە یەک ڕۆژدا نابێت."
وتیشی، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی بەنزین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دادەبەزێت و بەتایبەتی لەدوای جەژن نرخەکەی زیاتریش دادەبەزێت و ئەنجامەکەی دەردەکەوێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قسەی لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان کردووە و چەند پێشنیازێکی پێداوە کە ئەمانەن:
1 – ڕێگەدان بە بازرگانان بە هێنانی بەنزین و ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری و هەروەها کەمکردنەوە ئەو باجەی لەلایەن حکومەتەوە خرابووەسەر هاوردەکردنی بەنزین.
2 – هەرزانکردنی بەنزین نەبێتەهۆی دابەزینی کوالێتی بەنزین و لە دەروازەکان پشکنین بۆ بەنزینەکە بکرێت و ئەگەر لەو کوالێتیی دیاریکراو نزمتر بوو، ئەوا بگەڕێنرێتەوە.
3 – دروستکردنی عەمباری بەنزین لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەوەی بەنزینی تێدا عەمبار بکرێت و لەکاتی پێویست و کەمبوونەوەی بەنزیندا بەکاربهێنرێت.
ڕێبوار بابکەیی دەڵێت، "بە سوپاسەوە ئەو پێشنیازانەمان قبوڵ کرا و بە دڵنیاییەوە لەئێستادا ڕێکارەکان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆیە وردە وردە نرخەکەی دادەبەزێت."
سەبارەت بەوەی هیچ نرخێکی دیاریکراو هەیە کە بەنزین بۆ ئەو ئاستە دابەزێنرێت، ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ڕوونیکردەوە، "دیاریکردنی نرخێکی دیاریکراوە تایبەت بە نییە بە ئێمە، بەڵام ئێمە ئەوەندە داوامان کردووە بە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە نرخی بەنزین بەشێوەیەک دابەزێنرێت کە سودی هەبێت بۆ شۆفێران و هەموو هاووڵاتیان و کاریگەریی هەبێت."