ناس کورد-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردووەوە تائێستا ٦٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەوەش بە دیاردەیەکی مەترسیدار ناودەبات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا لەژێر ناونیشانی "دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێم" کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، " لە ئێستادا هاوتەریب لەگڵ قەیرانی مووچە و پێداویستییە ڕۆژییەکان و گرانبوونی نرخی کاڵا پێویستەکان لە بازاڕەکانی هەرێم، دیاردەی کۆچی گەنجان یەکێکە لە مەترسییە زۆر گەورەکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تەنها لە ساڵی٢٠٢٠ و شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەو ڕێگەیەدا دەیان کەس بوون بە قوربانی و نزیکەی ٧٠٠ کەس لە وڵاتانی بولغاریا، بلا ڕووس و سڕبیا دەستبەسەرکراون!"
دەشڵێت، "بێشک، ئەم کۆچە بە لێشاوەی گەنجان دەرەنجامی نەبوونی هەلی کار، نەبوونی گەرەنتی ژیانێکی پێویست و خراپی دۆخی ئابووری هاووڵاتییانە، کە پێکەوە ئەمانە ئەنجامی خراپی مامەڵە و بێباکی و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانن."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "بە فەرمی داوامان کردووە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سازدانی دانیشتنێکی تایبەت لەسەر ئەم پرسە گرنگە."