گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

نەزاهەى عێراق لەبارەى دەروازە سنورییەکانى هەرێمەوە راسپاردەیەک ئاراستەى کازمى دەکات 

2021.07.16 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
نەزاهەى عێراق لەبارەى دەروازە سنورییەکانى هەرێمەوە راسپاردەیەک ئاراستەى کازمى دەکات 

ناس کورد-

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای کرد، لەکۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەکان، ژمارەیەک ڕاسپاردە بۆ یەکخستن و بەستنەوەی دەروازەکان بەحکومەتی ناوەندییەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی وەزیران کردووە و ئاماژە بەوەش کراوە "داوا لەهەرێمی کوردستان کراوە دەروازەکانی بخاتە ژێر رکێفی حکومەتی فیدراڵییەوە".     

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەستەکە (16ی تەموزی 2021) بڵاویکردەوە "لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەکان، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی گومرگ و پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی کە دەروازەی سنورییان تێدایە، کۆمەڵێک ڕاسپاردە ئاراستەی سەرۆک وەزیران کراوە".

 

ئاماژە بەوە کراوە "دەستەکە داوای کردووە لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەکان و دەستەی گومرک و نوێنەرانی  پارێزگاکان پێکبهێنرێت بەمەبەستی چاودێرکرن و باشترکردنی کاری دەروازەکان و بنبڕکردنی گەندڵی تیایاندا".

 

دەستەکە داوای کردووە "کارمەندانی دەروازە سنورییەکان ئەستۆ پاکی خۆیان پێشکەش بەدەستەی دەستپاکی بکەن و زانیاریی تەواو لەسەر سامان و پارە و موڵکەکانیان بخەنە ڕوو و هاوکات پەرەش بدرێت بە سیستمی ئەلکترۆنی لەبەڕێوەبردنی کاری دەروازە سنورییەکاندا".

 

دەستەی دەستپاکی عێراق داواشی کردووە،" دەروازە سنورییە نا فەرمییەکان بەزووترین کات دابخرێن و هەرێمی کوردستانیش دەست بکات بەجێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2019 کە تایبەتە بەسەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەسەر ئەو دەروازانەدا و پابەندبوونیان بە خشتەی وەرزی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وڕێگریی کردن لە هاوردەکردنی ئەو بەروبوومانەی کە ئەو وەزارەتە قەدەغەی دەکات".    

 

 لە بەشێکی دیکەی ڕاسپاردەکانیی دەستەی دەستپاکی عێراق داواکراوە،" کە دەبێت لە (50%) داهاتی ئەو دەروازانە بمێنێتەوە بۆ ئەو پارێزگایانەی کە دەروازەی سنورییان هەیە بۆ ئەوەی  بتوانن لە(20%) ئەو داهاتە بەکاربهێنن بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و دابینکردنی میکانزمە تەندروستییەکان وبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەروازەکاندا".