گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

راگەیەندراوى دادگاى بارى کەسێتى لەبارەى هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا

2021.07.14 - 20:48
App store icon Play store icon Play store icon
راگەیەندراوى دادگاى بارى کەسێتى لەبارەى هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا

ناس کورد-

دادگای باری کەسێتی عێراق ڕایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 57ی باری کەسێتی، شتێکی تەندروست و سروشتییە، چونکە بەشێک لەیاساکان بە درێژایی کات کۆن دەبن پێویستیان بەگۆڕانکاری هەیە، جەختیشکردەوە، پێویستە لەناو یاساکەدا ماددەیەک بۆ بەتاوانکردنی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا گەڵاڵە بکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد چاسپ ساعدی، دادوەری یەکەمی دادگای باری کەسێتی(14ی تەموزی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند،" هەموارکردنەوەی یاساکان بەشێوەیەکی گشتی شتێکی ئاسایی وتەندروستە، هەندێک یاسا دوای تێپەڕبوونی کات پێویستی بەهەموارکردنەوە هەیە، بۆیە دەبێت بەباشی تێڕوانیین بۆلایەنی ئەرێنی ونەرێنی ئەویاسایانە بکرێت".

 

ئاماژەى بەوەش کرد "ماددەی 57ی یاسای باری کەسێتی، ماددەیەکی دورودرێژە وئاڵۆزە، بۆیە لەهەوڵی ئەوەداین دەرچەیەکی ڕوون وبێ گرفت بدۆزینەوە بۆ ئەوەی یاسایەکی دیکە لەبری ئەو یاسایە دابنێین".

 

وتیشی "گرفتی ناو یاساکە بریتییە لە تەمەنی ئەو منداڵانەی کەپێویستە بگرێنە خۆ لەکاتی جیابوونەوەی دایک وباوک، یاساکە مافی داوە بەدایک کەمنداڵەکان بگرێتە خۆی، بەڵام کێشەکە لەدیاریکردنی تەمەنەکەدایە کە دەبێت دیاری بکرێت وهاوکات دەبێت بەرژەوەندی منداڵەکەش بەهەند وەربگیرێت، کە ئەو دەیەوێت لای کامیان بمێنێتەوە".

 

دادوەرەکەی دادگای باری کەسێتی داواشی لەپەرلەمانی عێراق کردووە،" خاڵی سەرەکی کێشەکە کە بریتیە لەمانەوەی منداڵەکان لای دایک یان باوک دیاری بکات وماددەیەکی یاساییش بۆ یاسا هەموارکراوەکە زیاد بکات کە بریتیە لە تاوانبارکردنی ئەنجامدانی هاوسەرگیری یان جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا".

 

لێدوانەکەی دادەوەری دادگای باری کەسێتی عێراق لەکاتێکدایە کە رەشید عەزاوی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ( 13ی تەموزی 2021) لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "گفتۆگۆکان لەبارەی هەموارکردنەوەی مادەی 57ی یاسای باری کەسێتی دواخراوە بۆ کاتێکی دیکە، ئەندامانی لیژنەکە ناکۆکن لەسەر چۆنێتی هەموارکردنەوەی ئەو مادەیە".

 

وتیشی "کاتێک ژن و پیاوێک لەیەکترجیادەبنەوە، زۆرجار منداڵەکانیان دەبن بەقوربانی بەتاییەتی کەتەمەنیان بچوک دەبێت، چونکە ناتوانن خۆیان بڕیار لەسەر ئەوەبدەن لای دایک یان باوک بمێننەوە".

 

عەزاوی دەڵێت "پێمانوایە دەبێت هەمواکردنەوەی یاساکە لەبەرژەوندی منداڵەکان بێت نەک دایک وب اوک، دەبێت بڕیاری مانەوەی ئەو منداڵانە بدرێت بە دادوەر یان توێژەی کۆمەڵایەتی و ڕاوبۆچوونی منداڵەکان بەهەند وەربگیرێت".

 

دەشڵێت "دەبێت دەسەڵاتی دیاریکردنی تەمەنی مانەوەی منداڵەکان لای دایک یان باوک، هەتا هەتایی نەبێت، دەبێت دادوەر ئەو تەمەنە دیاربکات، هاوکات دەبێت حکومەتیش بکرێت بەلایەنێک بۆگرتنەخۆی منداڵەکان، ئەگەرهاتوو دایک یان باوەک ئامادەییان نەبوو منداڵەکانیان بگرنە خۆ یان شایستەی ئەوە نەبوون ئەو منداڵانە  بەخێو بکەن" .

 

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، یاساکە لەم خولەی پەرلەماندا تاوتوێ ناکریت و دوادەخرێت بۆخولی داهاتوو.