ناس کورد-
ئەندامێکى خانەى ڕاپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، ئەوان هاوپەیمانێتیان لەگەڵ یەکێتیدا کردووە و لەئەگەرى هەر جۆرە گۆڕانکاریەکیش لەگۆڕینى سەرۆک لیستەکەدا ئەوان پابەند دەبن و گرفتیان نابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەوە یەکەم هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕانە لەدواى سەرهەڵدانى کێشمەکێشى نێوان بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکانى یەکێتى و ئەگەرى کاریگەرى ئەو ناکۆکییانە لەسەر هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە لەلایەن لاهور جەنگییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامى خانەى ڕاپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەممە (14ى تەمموزى 2021) تایبەت بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، " ئەو پرسە زیاتر پەیوەندى بە ناوخۆى یەکێتیەوە هەیە، هیواخوازین بە ئاشتى و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و بەشێوەیەک کاریگەرى بۆ سەر ژیانى خەڵکى نەبێت لەم ناوچەیە و خۆشیان ئازادن چۆن کێشەکانیان چارەسەر دەکەن".
وتیشى، "هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ هەر قسەیەکى خێر ئێمە ئامادەین ئەگەر داوایەکى لەو شێوەیەمان لێ بکرێت".
لەبارەى ئایندەى هاوپەیمانێتى نێوان گۆڕان و یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق ئەندامەکەى خانەى ڕاپەڕاندنى گۆڕان وتى، "ئێمە ڕێکەوتنمان لەگەڵ خودى یەکێتیدا کردووە و ئەگەر هەر شتێکى ڕەسمیش لەلایەن یەکێتیەوە هەبێت لەسەر ڕێکەوتنەکە ئەوان بیخوازن ئێمە یەکێتى دەناسین و هیچ گرفتێکمان نابێت و پابەندین بەهاوپەیمانێتیەکە".
سەفی مەلا قەرە باسى لەوەش کرد، ئەگەر یەکێتى هەر بڕیارێک لەسەر ئەوە بدات بۆ ناوخۆى خۆى و ئەوان ئاگادار بکەنەوە، ئەوانیش وەکو گۆڕان پابەندى هاوپەیمانێتیەکە دەبن.
لەبارەى هەڵوێستى گۆڕان لەئەگەرى بەکارهێنانى هێزى سەربازى بۆ یەکلا کردنەوەى ململانێکانى نێوان هاوسەرۆکان و وتارى فەرمى گۆڕان لەو بارەیەوە، سەفین مەلا قەرە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان وەکو گۆڕان پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکێتى هەیە لەئێستاشدا فاکتەرى هێورکەرەوە دەبینن لەو پرسەدا و ئەگەر داواش بکەن ئەوا ئامادەى نێوەندگیرى دەبن و بەپێچەوانەوە دەستوەردان ناکەن.