کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد شەوی ڕابردوو، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر باخی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی ناحیەکانی دەوروبەری کەرکوک لە پشکی پارتی دیموکرات. درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، 21ی حوزەیرانی 2019 بە چەکی ئار پی جی هێرشکراوەتە سەر باخێکی عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی ناحیەکانی دەوروبەری کەرکوک لەسەر رێگای سەرەکی راپەڕین- تاسڵوجە لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە لە درەنگانێکی شەودا و لە کاتی بەڕێوەچوونی میواندارییەک ئەنجامدراوە و زیانی گیانی نەبووە. لەوبارەوە عەمید سەرحەد قادر لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. عەمید سەرحەد نوسیویەتی، " لە باخەکەی خۆم دەستێکی تێکدەر کە دیارە ئامانجیان ئەوەیە لەم دۆخە هەستیارەی کوردستان ئاژاوەیەک دروست بکەن زۆر ترسنۆکانە وە لەدورەوە هێرشیان کردە سەر باخەکەمان." عەمید سەرحەد قادر ئەوەشی نوسیووە، " یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان له هەموو شت گرنگترە... هەموو کات کارم بۆ ئەو ئامانجە کردووە." لەوبارەوە، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند زانیارییان هەیە ڕوداوێکی تەقەکردن ڕوویداوە، ئاسایش کار لەسەر دۆسیەکە دەکات. وتیشی تا ئێستا لە هیچ بنکەیەکی پۆلیس، سکاڵا لەسەرئەو دۆسیەیە تۆمار نەکراوە تا پۆلیس دەست بە بەدواداچوونەکانی بکات. عەمید سەرحەد قادر، لە پشکی پارتی دیموکرات بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی ناحیەکانی دەوروبەری کەرکوک بووە و دوای ڕوداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر شاری کەرکوکی جێهێشتووە. ڕوداوەکە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی "توندی" ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی دژی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات.