گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەیشتە شەڕی میدیایی

كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی پێی نایە قۆناغێكی نوێوە

2021.07.10 - 21:47
App store icon Play store icon Play store icon
كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی پێی نایە قۆناغێكی نوێوە

ناس كورد-

لە سێیەم ڕۆژی كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی، ململانێكان لە دوو پۆستی هەستیاری زانیاری و دژە تیرۆرەوە پەرەی سەند بۆ فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان یەكتر تۆمەتباركردن بە نەرمكێشی بۆ پارتی و قاچاخچێتی زێڕ و شتە یاساغەكان لەبەردەم ڕای گشتی هەرێم و عێراقیدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی سۆشیال میدیا و زانیارییە دزەپێكراوەكانی جەمسەری بافڵ تاڵەبانی كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ سەرچاوەكانیان كردووە (10 تەموزی 2021)، سبەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە دەزگاكانی زانیاری و دژە تیرۆر كە كراون بەهی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانیشەوە دەچنە بواری جێبەجێكردن. ئەمە لە كاتێكدا دوێنێ لاهور شێخ جەنگی جەختی لەوە كردبوو كە دەبێت "هەڵبوەشێنەوە و ڕابگیرێن". لەبارەی دروستی ئەو زانیارییانەش "ناس كورد" پەیوەندی كرد بە لیوا مەریوان عومەر، لێپرسراوی دەروازەی سنوریی باشماخ و تاهیرعەبدولڵا، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی هەردووكیان ڕەتیان كردەوە (10 تەمموزی 2021) بەفەرمی ئاگاداركرابن لەهیچ گۆڕانكاری و جێگۆڕكێیەك لەم دامەزراوە حكومییانەی ئێستا بوونەتە ڕووكاری ململانێكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی.

 

هەڵمەتی بافڵ تاڵەبانی باس لەوەش دەكەن كە ئەو گۆڕانكارییانەی كراون بۆ چاكسازی و رێگەگرتنە لە قاچاخچێتی سنوورەكان بەتایبەت هی زێڕ و دەرمان و مۆبایل. ئەم كەیسانەش كە ئێستا سۆشیال میدیای نزیك لە بافڵ دەیكاتە هۆكاری گۆڕانكارییەكان ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە جێگەی باس و ڕەخنەی زۆری پەرلەمانتاران و كەسانێك كە داوای چاكسازی دەكەن بۆ چارەسەركردنی گرفتی كورتهێنانی بودجەی موچەی فەرمانبەران.

 

لەپەرەسەندنێكی نوێشدا كەناڵی ڕووداوی نێچیرڤان بارزانی ئێوارەی ( 10 تەمموزی 2021) ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی تیمی یەکێتییە لە حکومەت، پێشتر داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو فەرمانی هەرێمی بۆ دوو بەرپرسە نوێیەکەی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری لە سلێمانی دەر بکات. كەناڵەكە لەزاری سەرچاوەیەكی یەكێتیشەوە ئەوەی بەپەلە گواستەوە كە ئەو گۆڕانكارییانەی كراون "لەپێناوی چاکسازییەکی جیدیدان کە بۆ سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر باشە". بەڵام كەسێكی نزیك لە نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی بە "ناس كورد" ی ڕاگەیاند ئەو زانیارییەی كۆتایی ڕووداو "سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە".

 

زیاتر بخوێنەرەوە: ناس زانیاری زیاتر لەبارەی پەرەسەندنی كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە

 

هەر لەم بارەیەشەوە باڵە میدیاییەكانی لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ لەبڵاوكراوەیەكدا بەزمانی عەرەبی كە "ناس كورد" بینیویەتی بۆ ڕای گشتی عێراقیان بڵاوكردەوە، "ئەوەی ڕوویداوە هەوڵی پارتییە بۆ كۆنترۆڵكردنی سلێمانی". هەروەها باس لەوە دەكات ئەمە بۆ لاوازكردنی ئەو پێگەی سلێمانییەی كە پاش كۆنگرەی چوارەم (كۆتایی 2019) سلێمانی دووبارە بەدەستیهێنابوو بەهۆی نوێكردنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی.

 

زیاتر بخوێنەرەوە: لەبارەی گۆڕینی چەند بەرپرسێکی دیکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

 

سەرچاوەكانی "ناس كورد" ئاماژە بەوە دەكەن هەوڵەكانی چارەسەر، ئەگەرچی مەترسی ئەمنییان ڕەواندووەتەوە، بەڵام لە چارەسەری دوو قۆڵی سیاسی و حزبیدا تاڕادەیەك گەیشتوونەتە بن بەست لەئێستادا و بافڵ تاڵەبانی پێیوایە یاسا جێبەجێ دەكات و لاهور شێخ جەنگیش ئامادە نییە بەفەرمی بەوە ڕازی بێت بەوپێیەی بەزەبری هێز كراوە، لەئاست بەریەككەوتنی ئەم دوو جەمسەرەشدا ئۆرگانەكانیتری حیزب لە چەشنی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی تا ئێستا لەدەرەوەی بازنەی ڕۆل بینینن.