ناس کورد-
وەزارەتى دادى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، چوار بەڵگەنامە لەناوخۆى هەرێم راستاندنیان بۆ دەکرێت و پێویست ناکات هاوڵاتییان بۆ ئەو مەبەستە بچنە بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەراگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەکۆبوونەوەیەکى سێقۆڵى وەزارەتى داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی سەربە وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختکراوەتەوە لەسەر خێراکردنى پڕۆسەى راستاندنى بەڵگەنامەى هاوڵاتییان.
وەزیری داد لەکۆبوونەوەکەدا وتى پێویستە هەموو بەڵگەنامەی هاوووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و لەرێگەی وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لێرە لە هەرێم پەسەند بکرێن، تەنیا ئەوانەیان نەبێت کە بە پێی دەستوور، لە دەسەڵاتی قەتیسکراوی فیدراڵیدایە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەو بەڵگەنامانەی کە لە وەزارەتی داد- بەڕێوبەرایەتی راستاندن و پەیوەندییەکان لەهەولێر و سلێمانى بۆ هاووڵاتیان پەسەند دەکرێن بریتین لە: بریکارنامەی گشتی و تایبەت، گرێبەستی هاوسەرگیریی، بەڵگەنامەی ژیان و بەڵگەنامەکانی قوتابخانە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، عەبدولرەزاق تەها، بەڕێوبەری راستاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی وەزارەتی داد رایگەیاند، پەسەندکردنی هەر بەڵگەنامەیەک پێویستی بەوە هەیە بە هەشت قۆناغدا تێبپەڕێت.