ناس کورد-
ئەو گەنجەى ساڵى ڕابردوو لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیا دوو کچى کوشت کە خوشک بوون، لەلایەن دەستەى سوێندخۆرانەوە ئیدانە کرا، گەنجەکە دەڵێت لەگەڵ شەیتاندا ڕێکەوتووە بۆ ئەوەى قوربانى بۆ بکات و یانسیب بباتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى (7ى تەموزى 2021) بڵاویکردووەتەوە، دانیاڵ حسێن تەمەن 19 ساڵ، ساڵى ڕابردوو دوو خوشکى بەناوەکانى کیکۆڵ مۆڵمان تەمەن 27 ساڵ و بیبا هێنرى تەمەن 46 ساڵ کوشت، بەپێى وتەکانى لەگەڵ شەیتاندا ڕێکەوتووە کە قوربانى بۆ بدات و لەبەرامبەردا یانسیب بباتەوە، قوربانییەکەش ژنان بوون.
ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردووەتەوە، لێکۆڵەران پێیان وایە حسێن بە جۆرێک لە جۆرەکانى توندڕەویدا ڕۆیشتووە دواى ئەوەى چەند بابەتێکى نادیارى لە لایەنە تاریکەکەى تۆڕى ئینتەرنێتدا بینیوە، ئەگەر لەکاتى کوشتنى دوو خوشکەکەدا دەستى خۆى نەبڕیایە کە بەهۆیەوە ئاشکرا بوو، ئەوا ژنانى زیاترى دەکوشت.
لەکاتى وەرگرتنى چارەسەر لە نەخۆشخانە، دانیاڵ ئاماژەى بەوەدابوو کە دز هێرشى کردووەتە سەرى و بریندارى کردووە، تائێستاش پۆلیس نەیانتوانیوە ئەو بابەتانە بدۆزنەوە کە لە ئینتەرنێت سەیرى کردوون
سەبارەت بە چۆنێتى دەستگرکردنى ئۆلیڤەر گلاسکۆ داواکارى گشتى ئاماژەى بەوەداوە، سەیرکردنى کامێراکانى چاودێرى گومانەکانیان بەرەو دانیاڵ برد و DNA ناوبراویش لە شوێنى تاوانەکە دۆزرایەوە کە لە باخچەى "راینت کەنترى" ئەنجام درابوو.
گاردیان ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەروەها لەماڵەکەیدا دەست بەسەر چەندین بابەتى تردا گیراوە، لەوانەش گرێبەستێک کە بە خوێن نوسرابوو کە گوایە گرێبەستەکەیەتى لەگەڵ شەیتاندا و پێى وابووە پێویستە هەموو 6 مانگێک 6 ژن بکوژێت بۆ ئەوەى یانسیب بباتەوە.
بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکان، دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانى تاوانەکەن دانیاڵ چووە بۆ کڕینى چەند چەقۆیەک، هەروەها دەرکەوتووە کە لەشەوى ئەنجامدانى تاوانەکە بەرەو شوێنى تاوانەکە دەڕوات، بەپێى زانیاریەکانى داواکارى گشتى، ماسکێک و دوو خاکەناسى بچوکى لەگەڵ خۆیدا بردووە کە لە ئینتەرنێت کڕیونى، کاتژمێک 1ى سەرلەبەیانى چووەتە باخچەکە و کاتژمێر 4 ڕۆشتووە، تائێستاش دیار نییە بۆ ئەو دوو خوشکەى هەڵبژاردووە و چى سەرنجى ڕاکێشاوە بۆیان.