گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

تەندروستى جیهانى هۆکارەکانى پشت دوبارە هەڵکشانى ئامارەکانى کۆرۆناى دیاریکرد

2021.07.07 - 19:29
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى جیهانى هۆکارەکانى پشت دوبارە هەڵکشانى ئامارەکانى کۆرۆناى دیاریکرد

ناس کورد-

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی خۆی لە دوبارە بەرزبوونەوەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهان نیشاندا و سێ هۆکارى پشت هەڵکشانى ژمارەى توشبووانى ئاشکراکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد مونزەری، بەڕێوەبەری هەرێمایەتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەناوچەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (7ی تەموزی 2021) لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "دووبارە بەرزبوونەوەی توشبوون بە کۆرۆنا لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، مایەی نیگەرانییە، لەکاتێکدا زیاتر لەدوو مانگە ژمارەی توشبوون بە نەخۆشییە لەو وڵاتانەدا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەو دیوە".

 

وتیشی "نێگەرانییەکانمان لەبارەی دۆخی کۆرۆنا لەماوەی وەرزی هاوینی ئەمساڵدا زۆربووە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لەجۆری ( دەلتا) و کردنەوەی دەرگای گەشتە نێوە دەوڵەتییەکان و سستی پرۆسەکانی کوتان و پێشیلکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەنەخۆشییەکە".

 

مونزەری،  ئاماژەی بەوەشکرد "سەرباری هەوڵەکانی گەمارۆدانی نەخۆشییەکە، بەڵام بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەی ناوەندیی توشبوونی هەفتانە بە نەخۆشییەکە زیادی کردووە".

 

مونزەری هۆکاری ئەو زیادبوونەی گەڕاندەوە بۆ سێ هۆکار، کە یەکەمیان دۆزینەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوەی گۆرۆنایە ( دەلتا) لە 98 وڵاتی جیهان کە 13 وڵاتیان دەکەوێتە ناوچەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە کە لەئێستادا بەشێوەیەکی زۆرخێرا تێیدا بڵاودەبێتەوە.

 

وتیشی "دەمانەوێت لەڕێگەی هەماهەنگی نیو دەوڵەتییەوە بنەچەی هەموو ڤایرۆسە گۆڕاوەکان بدۆزینەوە، بۆیە لەئێستادا داتا وزانیارییەکان لەنێوە وڵاتانی جیهاندا ئاڵۆگۆڕ دەکرێن".

 

مونزەری هۆکاری دووەمی دوبارە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکەی ئاشکراکرد و وتی "ڤاکسینەکان بە دادپەروەرانە لەسەرانسەری جیهاندا دابەشناکرێن، بۆیە ڤایرۆسەکە پانتایی بڵاوبوونەوەی زیادی کردووە، لەئێستادا لەناوچەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست  پێویستیمان بە  500 مليۆن دانە ڤاکسین هەیە بۆ ئەوەی بتوانین تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 40% دا دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بەڤاکسینەکان بکوتین".  

 

ئەوەشی خستەڕوو "گوێنەدان بەڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە و ساردبوونەوە لەجێبەجێکردنیان، هۆکاری سێهەمی دووبارە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیە بە شێوەیەکی خێرا، دەبێت ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە پابەندی بەستنی دەمامک و ڕێکارەکانی خۆپاراستن بن، ئەوانەشی کە ڤاکسینەکانیان وەرنەگرتووە، دەبێت بەتەواوەتی ئەوڕێکارانە جێبەجێبکەن".

 

مونزەری دەڵێت، دوای 18 مانگ لەسەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبێت هەمووان پێکەوە بیرلەو بکەنەوە کەچۆن ڕێگە لە مەترسییەکانی ئەو پەتایە بگرن، "ئەو پرسەش لەڕێگەی هاریکاری یەکتردەبێت، بۆیە لەئێستادا ئاماژەیەکی نەخوازراو بەدی دەکەین کە هەوڵی ئەوە دەدرێت دابەشکردنی وفەراهەم کردنی ڤاکسینەکان بە سیاسەت بکرێت".