ناس کورد-
حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سەرنج و تێبینى هەیە لەسەر شێوازى قسەکردنى ژمارەیەک پەرلەمانتار بەرانبەر وەزیرەکانى بەشداربووى دانیشتنى پێشووى پەرلەمان، کە ناڕەزایی دوو وەزیرى لێکەوتووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حکومەتى هەرێم لەنامەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کردووە و وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، سهرنج و تێبینی هەیە لەبارەى شێوازی دهربڕینی چهند ئهندامێكی پهرلهمان كه له دانیشتنی ژماره (16) له رۆژی 28/6/2021 بهرامبهر به تیمی حكومهتی ههرێم ئهنجامیاندا.
جەختیشیکردووەتەوە، "ئهو وهزیرانهی كه ئامادهبوون به دڵسۆزی ئهو متمانهیهی له پهرلهمان وهریانگرتووه، درێخیان نهكردووه له ئهنجامدانی ئهرك و كارهكانیان بۆ رووبهڕووبوونهوهی گهندهڵی و ئهنجامدانی چاكسازی".
حکومەتى هەرێم دەشڵێت، "ههر لهم كابینهیهش زۆرترین ژمارهی وهزیر بهشدار بوون له دانیشتنی پهرلهمان و لیژنهكان و زۆربهی نووسراوهكانیان وهڵامداوهتهوه و بهردهوامیش دهبین لهم پهیوهندییه تهندرووسته".
هەفتەى رابردوو هەریەکە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا بایکۆتى کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى وەزیرانیان کرد، دواى رۆژێک لەکۆبوونەوە مشتومڕاوییەکەى پەرلەمان کە تێیدا کەوتنە بەر رەخنەى توندى پەرلەمانتارانى پارتى.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رۆژى دووشەممە بۆ "ناس کورد" ى ئاشکراکرد، نیگەرانى ئەو دوو وەزیرە هێشتا بەردەوامە، بەڵام هەوڵى زۆر هەیە بۆ رەواندنەوەى نیگەرانییەکان و رونکردنەوەى هۆکارى ئەو گرژییەى کە روویداوە.
وتیشى "دەستپێشخەرى هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکە، تا ئەو دوو وەزیرە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران".
ئەو دوو وەزیرە و وەزیرەکانى دیکەى بەشداربووى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانى پارتى یەوە تۆمەتبارکران بەوەى ئاگایان لە کێشەکانى خەڵک نییە و سەرقاڵن بە "ژیانى خۆشى" خۆیانەوە، ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و کێشەکانیان خستە ئەستۆى کابینەى پێشوو.
وەزیرى دارایی کە لەکۆبوونەوەکەى پەرلەماندا جەختیکردەوە کەس بە ئەندازەى ئەو ئاگادارى کێشەکانى خەڵک نییە، دوێنێ یەکشەممە بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى باڵاى ئابورى نەکرد، بەپێی ئەو وێنانەى کە حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە.
سەرچاوەیەکى دیکەى ئەنجومەنى وەزیران بە "ناس کورد" ى راگەیاند، نیگەرانى وەزیرەکان لەوەوە هاتووە کە مامەڵەى پەرلەمانتاران "زۆر ناخۆش بووە و 18 کاتژمێرپرسیارى دووبارە و بێزارکەریان کردووە".
وتیشى "هەوڵدراوە هەموو کەموکوڕیەکانى هەرێم بخرێتە ئەستۆى وەزیرى دارایی، لە کاتێکدا لە 2014ەوە لێبڕینى موچە هەیە و قەرزەکان و دواکەوتنى موچە لە دەسەڵاتى وەزیردا نییە، ئەوەى خاوەنى بڕیارە لە لێبڕینى موچە ئەنجومەنى باڵای ئابورییە نەک وەزیرى دارایی".
ئەنجومەنى باڵاى ئابورى دوێنێ لەکۆبوونەوەیەکدا بەسەرپەرشتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی تاوتوێکرد.
لەکۆبوونەوەکەدا کە بەبێ بەشدارى وەزیرى دارایی بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەت، دابینکردنی موچەیە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکات لەگەڵ دابینکردنی موچە، بەردەوامیش بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.