گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێچەوانەی بۆچوونەکەی پارتی

میدیای یەکێتی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکات

2021.07.05 - 10:54
App store icon Play store icon Play store icon
میدیای یەکێتی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

دوای ئەوەی میدیاکانی پارتی و پەرلەمانتارانی ئەو حزبە نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی وەزارەتی داراییان بە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچە ناوبرد، ئەمڕۆ میدیاکانی نزیک لە یەکێتی دەڵێن، نەگەڕانەوەی داهاتی نەوت هۆکاری ئەو کێشەیەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی کوردسات نیوزی سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (دووشەممە 5ی تەموزی 2021) ڕایگەیاندووە، "تا چواری تەموز بەشێک لەپارەی نەوت نەگەیشتووەتە ئاڕتی بانک و ھەروەھا ئەو بڕە پارەیەی دەبێت ھەولێر و دھۆک دابینی بکەن بۆ موچە نەگەیشتووەتە بانکەکان."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەر بەپێی زانیارییەکان سلێمانی و ھەولێر تا مانگی پێنج لە داھاتی ناوخۆ یەک ترلیۆن و ٥٤٠ ملیار و ٥٠ ملیۆن دیناریان بۆ مووچە دابین کردووە و لە مانکی یەک تا مانگی پێنجی ٢٠٢١ تەنھا سلێمانی ٦٦٥ ملیار و ٩٢٩ ملیۆن دیناری بۆ مووچە دابینکردووە."

 

هەواڵەکەی ئەو میدیایەی یەکێتی لە کاتێکدایە، پارتیش لەڕیگەی میدیا و پەرلەمانتارەکانییەوە بڵاویدەکاتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی موچە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانی سنوری سلێمانییە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

 

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان شەوی ڕابردوو (4ی تەموزی 2021) لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "یەکێتی بە نەناردنی داهاتەکانی سنوری سلێمانی و بەغداش بە نەناردنی 200 ملیارەکە هۆکاری دواکەوتنی موچەن."

 

ئەو ناکۆکییەی پارتی و یەکێتی لەسەر داهاتەکانی پەیوەست بە موچە لەکاتێکدایە، لە 25ی مانگی ڕابردووەوە دەست بە دابەشکردنی موچە کراوە و تائێستا تەنها موچەی چوار وەزارەت دابەشکراوە.