گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ڕاپۆرتێکی فەرەنسی نهێنییەکانی هاوسەرگیری مسیار لە سعودیە ئاشکرا دەکات

2021.07.04 - 23:43
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێکی فەرەنسی نهێنییەکانی هاوسەرگیری مسیار لە سعودیە ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

ئاژانسێکى فەرەنسى ئاشکرای کرد، هاوسەرگیرى مسیار بە شێوەیەکى بەربڵاو لە سعودیە پەیدا بووە و بەشێک لە هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە وەک چارەسەرێکى مامناوەند لەنێوان ژیانى هاوسەرگیرى کە تێچووەکەى زۆرە و ژیانى تەنیایى دەيبینن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى فرانس پرێس (4ى تەموزى 2021) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕاى ئەوەى هەندێک لە دژى وەستاونەتەوە، هاوسەرگیرى مسیار بە خێراییەکى زۆر لەناو سعودیە بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتى لەناو ئەو پیاوانەى کە ناتوانن تێچووى زۆرى هاوسەرگیرى تەقلیدى دابین بکەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێى وتەى نێوەندگیرەکانى ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، تائێستاش بە نهێنى و شەرمەوە دەکرێت، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى بە تەواوەتى بڵاوبووەتەوە، تانانەت بەشێک لە پیاوەکان هاوسەريشیان هەیە.

 

یەکێک لەو پیاوانەى ئەو جۆرە هاوسەرگیریەى کردووە بە فرانس پرێسى وتووە، ژنى هەیە و سێ منداڵى لێى هەیە، بەڵام هاوسەرگیرى مسیاریشى کردووە و هەرکاتێک بیەوێت سەردانى ماڵى ئەو ژنە دەکات کە بە مسیار کردوویەتى بە هاوسەرى، تەنانەت برادەرى هەیە 11 جار ئەو جۆرە هاوسەرگیریەى کردووە، هاوسەرگیرى دەکات و دواى ماوەیەک جیادەبێتەوە و هاوسەرگیرییەکى تر دەکات.

 

هاوسەرگیرى مسیار تێچووەکەى زۆر کەمە و پیاو لەسەرى نییە ئاڵتون و پێداویستى زۆر بکڕێت مارەیى بدات و تەنانەت خانوش بۆ هاوسەرەکەى دابین بکات، ڕێگەیەکیشە بۆ فرەژنى بەبێ ئەوەى پەستانى لەسەر پیاوەکە دروست بێت، هەروەها هەندێک لە ژنانى سعودیەش ئارەزووى ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەکەن، ئەوەش بۆ دەربازبوون لەو پیاو سالارییەى لە هاوسەرگیرى تەقلیدیدا هەیە.

 

دەرمانسازێکى میسرى کە لە سعودیە دەژى دەڵێت، بەهۆى زۆرى تێچووى بژێوى لە سعودیە و زیادکردنى باج لەسەر ئەو کەسانەى خێزانەکانیان دەبەنە سعودیە، سەخت بووە بۆى هاوسەر و منداڵەکەى لە میسرەوە بباتە ڕیاز، بۆیە بەدواى هاوسەرگیرى مسیاردا گەڕاوە لە ڕێگەى نێوەندکارەکانەوە کە بە نزیکەیى 1333 دۆلارى ئەمەریکى وەردەگرن، تایبەتمەندى خۆى داوە پێیان، بەڵام تائێستا کەسى بۆ نەدۆزراوەتەوە.

 

بەشێوەیەکى سروشتى هاوسەرگیرى مسیار کورت مەودایە و دواى 14 بۆ 60 ڕۆژ جیادەبنەوە، هەندێک لە ژنان پێیان وایە دەرفەتێکى باشە بۆ دەربازبوون لە قەیرە بوون هەروەک دەرفەتێکیشە بۆ ئەوانەى جیابوونەوە و هاوسەریان لەدەستداوە.

 

پیاوانى ئاینى سعودیە باس لەوە دەکەن، لەساڵى 1996ەوە هاوسەرگیرى مسیار لە سعودیە بڵاوبووەتەوە ئەوەش بەهۆى فەتوایەکى موفتى ئەو کاتەى سعودیە کە باڵاترین دەسەڵاتى ئایینییە کە حەڵاڵى کرد، بەڵام تائێستاش زۆر کەس پێیان وایە ناشەرعییە و بەپێى بنەماکانى ئایینى ئیسلام نییە کە پێویستى کردووەهاوسەرگیرى بە ئاشکرا بێت و خەڵک بزانن.