ناس کورد-
دەستەى کەشناشى عێراق ئاشکرای کرد، لەماوەى دوو مانگى داهاتوودا پلەکانى گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە، بەڵام بەشێوەیەکى لەسەرخۆ، ئەوەش بەهۆى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزیى کە لە هیندستانەوە هاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عامر جابرى، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى دەستەى کەشناسى عێراق (4ى تەموزى 2021) بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقییەى ڕاگەیاندووە، کۆتا شەپۆلى گەرما لە ڕۆژانى 25 و 26ى حوزەیرانى ڕابردوو دەستى پێکرد و ڕۆژى یەکەمى مانگى تەموز گەیشتە لوتکە و لە بەغدا و چەند پارێزگایەکى تر 50 پلەى سەدى تۆمار کرد.
ڕونیشیکردووەتەوە، پێشتریش بڵاومان کردەوە کە سەرەتاى ئەم مانگە پلەکانى گەرما دادەبەزن و ئەوەش ڕوویدا، پێشبینیش دەکەین کە تا ڕۆژى سێشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر لەسەرخۆ دەست دەکات بە بەرزبوونەوە، نەک وەک سەرەتاى شەپۆلە گەرماکە.
جابرى هێماى بۆ ئەوەش کرد، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما وەک ڕۆژانى پێشوو دەبێت و لەچوارچێوەى ئەو شەپۆلە دەبێت کە بەهۆى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى هیندییەوە ڕووى لە عێراق کردووە و لە پارێزگاکانى موسەنا، میسان و بەسرە پلەکانى گەرماى گەیاندە 52 پلەى سەدى.
سەبارەت بە ئەگەرى دووبارە بوونەوەى شەپۆلى گەرما وتى، لەئێستادا لە چوارچێوەى نزمە پاڵەپەستۆیەکداین و بەرز و نزم دەکات، تا قوڵتر ببێتەوە کاریگەرییەکەى زیاتر دەبێت لەسەر وڵات، کاتێکیش دادەبەزێت پلەکانى گەرما دادەبەزن، هەروەها مانگەکانى حوزەیران و تەموز و ئاب بەشیوەیەکى ئاشکرا بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بەخۆیانەوە دەبینن.