ناس کورد-
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وەڵامى عارف تەیفور ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى دایەوە کە رایگەیاندبوو بەمزووانە چەندان کەسایەتی و ’’حزبی بچوک’’ لە سلێمانی دەچنە ناو پارتییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژنامەى "کوردستانى نوێ" ى ئۆرگانى فەرمى یەکێتى ئەمڕۆ یەکشەممە لەوەڵامێکدا بۆ عارف تەیفور نوسیویەتى "ئەم دیاردەی سەنگەر گواستنەوە و راکەڕاکەیە بەشوێن پارە و پلە و پۆستدا مێژووەکەی زۆر لەوە دوورترە کە ئەو بە زانیارییەکی نەبیستراو و نهێنی بە ئێمە و خوێنەری بفرۆشێتەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە "بێگومان لەو مێژووەشدا کە باسی دەکەین، زۆرمان بینی و دەیبینین کە پێیوایە یان «عارف» و «نا عارف»ەکانیش چەواشە دەکات بەوەی ئەگەر ئەو لە یەکێتی بکشێتەوە، یەکێتی گورگ دەیخوات و کەسی بە دەورەوە نامێنێت".
"ئەنجامی هەموو ئەوانەمان لە چەند ساڵی رابردوودا بینی کە ئەرکە پێسپێردراوەکەیان لەناو یەکێتی تەواوبوو و دوای (رجوع الفرع الی الاصل) دەرکەوت بەشێکیان پاسەوان و خزمە نزیکەکانیشیان لەگەڵیاندا ناڕۆن".
لەوەڵامەکەدا هاتووە "دیارە ئەو حزبە بچووکانەش کە پێشتر حزبەکەی عارف تەیفور دروستیان دەکات و ئەو باسیان دەکات، بەهەمان شێوە تەنها ناوی زل و دێی وێرانن".
هەروەها تێیدا هاتووە "زۆربەی ئەوانەی کە لە یەکێتی زوویرن لەسەر ئەوەیە دەسەڵاتەکانی هەولێر شۆڕناکرێتەوە بۆ پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان، ئەگەرنا با عارف تەیفور و هاوئاوازەکانی بگەڕێنەوە بۆ جیاوازییەکانی دوو زۆنەکە بەر لە یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی پێشووی سلێمانی و هەولێر!".
"ئەگەر ئەو بەنیازە ناوەکان ئاشکرا بکات، سەرپشکە، بەڵام ناوهێنان، ناوهێنانی بەشوێندا دێت و کاک عارف تێیدا قەرزار دەبێت"، بەپێی وەڵامەکە.