گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت 84 شاره‌وانى وه‌ربگرێته‌وه‌

كۆتایى مانگى ئازار له‌ توركیا هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

2019.03.10 - 19:22
كۆتایى مانگى ئازار له‌ توركیا هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

 

ناس كورد- ئەحمەد مستەفا

نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پێی وایە، زیندانیكردنى ده‌میرتاش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر زیادكردنى ده‌نگى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان، ده‌شڵێت، ئه‌ردۆگان هه‌مو كارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى له‌سه‌دا 5ى شاره‌كانى باكور به‌ده‌ستبهێنێت.

 

له‌ 31ى ئادار پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان له‌ توركیا و باكورى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پارتى دیموكراتى گه‌لان هه‌ده‌په‌ به‌ دروشمى پێكه‌وه‌ به‌ره‌و دیموكراسى و شار ئیراده‌ى سه‌ركه‌وتنى ئێمه‌یه‌ به‌شدارى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان ده‌كات.

عابد ئیكه‌، نوێنه‌رى پارتى دیموكراتى گه‌لان "هه‌ده‌په‌" له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ناس كورد-ى وت: "پارتى دیموكراتى گه‌لان ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ شه‌ش پارت و قه‌واره‌ى سیاسى له‌ باكورى كوردستان كردووه‌ و به‌یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان ده‌كه‌ن، به‌رپرسانى هه‌ده‌په‌ش ئومێدیان زۆره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كانى سه‌رجه‌م ئه‌و 84 شاره‌وانییه‌ به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌، كه‌ حكومه‌تى توركیا قه‌یومى له‌ جێگه‌یان داناوه"‌.

وتیشى: "زیندانیكردنى ده‌میرتاش هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ده‌په‌ ده‌نگێكى زۆر له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى 12 په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ش له‌ زینداندان، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆیان ده‌بێت له‌سه‌ر زیادكردنى ده‌نگه‌كانى هه‌ده‌په‌، چونكه‌ كوردانى باكور هه‌رگیز چاوه‌ڕوان نه‌بوون ده‌میرتاش و په‌رله‌مانتاره‌كانیان ده‌ستگیر بكرێت".

"پارتى دیموكراتى گه‌لان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانى ئه‌ده‌نه‌ و مێردین و ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌خت لێكتێگه‌شتنى له‌گه‌ڵ پارتى گه‌لى كۆمارى "جه‌هه‌په‌" هه‌یه‌، و ئامانجێتى هه‌ڵبژاردنێكى گرنگ و خاوێن له‌ توركیا و به‌تایبه‌ت باكوردى كوردستان ئه‌نجامبدرێت" عابد ئیکە وا دەڵێت.

ده‌رباره‌ى گرنگیدانى ئه‌ردۆگان به‌ باكورى كوردستان له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌رۆگان و پارتى داد و گه‌شه‌پێدان "ئاكه‌په‌" مه‌به‌ستیانه‌ و هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن تا ده‌نگى له‌سه‌دا 5ى شاره‌كانى باكورى كوردستان به‌ده‌ستبهێنن، و فشاریشان له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌ له‌ زۆر ناوچه‌ دروستكردوه‌، "چونكه‌ به‌ ده‌ستهێنانى ده‌نگێكى كه‌م نیشانه‌ى نه‌بوونى هێزى ئاك پارتییه‌ له‌باكورى كوردستان".

نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌باكورى كوردستان، ئاشکرای کرد : "پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ئابورى وڵات و ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى توركیاى هه‌ڵوه‌شاندۆته‌، هه‌ده‌په‌ زۆرێك خاڵى لاوازى حكومه‌تى توكیاى له‌به‌رده‌سته‌،‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا بتوانێت پێى سه‌ركه‌وتوبێت".