گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

وتەبێژی سەدر لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی ڕوونکردنەوە دەدات

2021.07.03 - 18:56
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژی سەدر لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەبارەی ڕێککەوتنی پارتی و سەدرییەکان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵیت، سورن لەسەر بوونی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هێزە کوردیەکان، یەکێک لەو هێزانە پارتی و بارزانییە، دەشڵێت، هەر هێزێک لەپشت هێرشەکانی هەولێرەوە بێت و تێوەگلانی ئەو هێزە سەلمێنرا، دەبێت پەنا ببرێتە بەر دادگا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێخ سەڵاح عوبەیدی، وتەبێژی موقتەدا سەدر (شەممە 3ی تەموزی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "هەڵبژاردنی داهاتووش بۆ عێراق تەحەدیاتێکی گەورەیە، بەو پێیەی نەخشەی سیاسی دیاری دەکات، هەندێک دەوڵەت دەستوەردان دەکەن، بەڵام دەستوەردان کاری ئەوان نیە، لەڕووی ئەمنیشەوە هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش دەدرێت، لەنێو ئەم هەموو تەحەدیانەدا، قسەی عێراقیەکان ڕوونە و سەقامگیری وڵاتیان دەوێت."

 

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاوپەیمانێتی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کوتلەی سەدری دەکەن بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، "ئێمە سورین لەسەر بوونی پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هێزە کوردیەکان، یەکێک لەو هێزانە پارتی و بەڕێز بارزانییە، عێراق سەقامگیر نابێت بەهۆی بوونی 20 هێزی ڕا جیاواز، باشترە چەند هێزێک پێکەوە ڕێکبکەون بۆ سەقامگیرکردنی عێراق بەزووترین کات، بەڵام گەر بووە 20 یان 30 هێز، هەریەک لەو هێزانە دەیانەوێت بەپێی بەرژەوەندی خۆیان عێراق بینا بکرێت، ئەمەش ناکۆکی دروست دەکات و وادەکات عێراق پێش نەکەوێت."

 

باسی لەوەشکردووە، "عێراق لەبەردەم تەحەدیاتی گەورەدایە، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ململانێی ئێران و ئەمەریکا و سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کاریگەریان لەسەر دۆخی عێراق هەیە، بەدڵنیاییەوە، گەر دانوستان بکرێت لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، بەشێکی پەیوەندی بەعێراقەوە دەبێت."

 

هاوکات وتەبێژی سەدر لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر، ئاماژەی بەوەکردووە، " موقتەدا سەدر لەڕێگەی بەیاننامەوە هەر هەوڵێکی ڕەتکردووەتەوە بۆ دروستکردنی ناکۆکی و تێکدانی سەقامگیری لەهەر ناوچەیەکی عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، سەقامگیری لەهەر ناوچەیەک هەبێت، دەبێت بپارێزرێت و بگوێزرێتەوە بۆ ناوچەکانی تر، هەر هەوڵێکیش بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕەتدەکەینەوە."

 

شێخ سەڵاح عوبەیدی تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بەدەست هەبوون لە پشت هێرشەکانی هەولێر ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "ئێمە تۆمەت قەبوڵ ناکەین، ئامۆژگاری هێزە بەشداربووەکانی نێو پرۆسەی سیاسی دەکەین، بێ بەڵگە تۆمەت نەبەخشنەوە، تا تۆمەتەکان دەسەلمێن و خوێندنەوەی یاساییان بۆ دەکرێت، چونکە تۆمەت زیان بە عێراق دەگەیەنێت، گەر بەڵگەش هەبوو، بۆیان هەیە سکاڵای یاسایی تۆماربکەن و بیسەلمێنن، ئەوکات لایەنەکەی تر سزا دەدرێت."